جارێکی دیکە بریاری قەدەغەی دیدار لەگەڵ بنەماڵە لە دژی رێبەری گەلی کورد دەرچوو

قەدەغەکردنی سەردان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکان بۆ ماوەی ٣ مانگی تر لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ٣ زیندانی دیکەی ئیمرالیدا دەرچوو.

 ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کونار و وەیسی ئاکتاش کە ماوەی ٤ ساڵە لە گۆشەگیری ڕەهادان و لەو ماوەیەدا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخیان بەدەست نەگەیشتووە و ڕێگری دەکرێت لە دیدار لەگەڵیاندا، بۆ ماوەی ٣ مانگی تر لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کران.

دادگای جێبەجێکردنی سزای بورسا وڵامی داواکاری پارێزەرانی سەبارەت بە سەردانی بنەماڵەکان دایەوە. دادگا ڕایگەیاند کە "سزای دیسپلینیی" نوێ لە لایەن سەرۆکی دەستەی دیسپلینییەوە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەدا سەپێنراوە.

لە بڕیارەکەدا هۆکاری "سزای دیسپلین"ی نوێ باس نەکراوە. داواکاری پارێزەران بۆ وەرگرتنی زانیاری و بەڵگەنامە سەبارەت بە دۆسیەکە ڕەتکرایەوە. پارێزەران لەسەر بڕیاری "سزای دیسپلین" سکاڵا لە دادگای باڵای سزاقورسەکانی بورسا تۆمار دەکەن.