جندی تونجەل پاڵێوراوە بۆ پەرلەمانی ویلایەتی برێمنی ئەڵمانیا

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ویلایەتی برێمن لە ١٤ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت. جندی تونجەل پاڵێوراو بۆ پەرلەمانی هەرێمی برێمن داوای لە گەلی کورد کرد پشتیوانی لە کارەکانی بکەن .

جندی تونجەل لە ناوچەی میدیات لە مێردین لەدایکبووە. تونجەل ماوەیەکی زۆر ئەندامی پەرلەمانی برێمن بوو، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبەکەیەتی. وتەبێژی کاروباری لاوان، کۆچ، وەرزش، پەیوەندییەکانی ئەوروپا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. لە هەمان کاتدا تونجەل سکرتێری دەستەی بەڕێوەبەری پەرلەمانی برێمنە.

 تونجەل نزیکەی ۳۸ ساڵە لە ئەڵمانیایە، وەک ملیۆنان کوردستانی بەهۆی فشاری دەوڵەتەوە ناچاربووە لە وڵاتەکەی کۆچ بکات. کاتێک لە پەرلەمانی ویلایەتی برێمن ئەرکی هەبوو، لە وڵات چەندین هێرش کرایە سەر کوردەکان. لەو کاتەدا کۆمەڵکوژییەکە لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامدرا. لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئەڵمانیا ئەم کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید پەسەند کرا. تونجەل-یش ئێزیدییە و کاری بۆ ئەوە کردووە، کە جینۆسایدەکە لەلایەن ئەڵمانیاوە قبوڵ بکرێت و لەو بارەیەوە وتی: "وەک دەزانرێت، کۆمەڵکوژی دژی ئێزیدییەکان لە ۳ی ئابی ٢٠١٤ دا دەستی پێکرد. بەڕاستی بۆ ئێمە کارێکی زۆر قورس بوو، کە ئەم جینۆسایدە بە ئەڵمانیا و ئەوروپا بناسێنین و هەستی پێ بکەن."

'بۆ یەکەمجار من لە پەرلەمان دا باسی جینۆسایدم کرد'

تونجەل ڕایگەیاند، زۆر کاری بۆ قبوڵکردنی جینۆسایدەکە و بیستنی دەنگی زوڵملێکراوانی ئەو جینۆساید و پاکتاوکارییە لە پەرلەمان دا کردووە و کارێکی ئاسان نەبوو. وتی، "بۆ یەکەم جار من لە ئەڵمانیا ناوی حیزبەکەمەوە لە پەرلەمان دا باسی جینۆسایدەکەم کرد. بە دڵنیاییەوە وەک ڕۆڵەیەکی گەلەکەمان لەوەدا ڕەنجی ئێمەش هەیە، کە ئەمساڵ جینۆسایدەکە لە بەرلین پەسەندکرا. لەو بارەیەوە پارتەکەمان دی لینکە یارمەتیی ئێمەی دا، بەڵام دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە، کە ئەگەر بەهۆی یارمەتی و هاوکاریی گەلەکەمان نەبووایە، من لە پەرلەمان نەدەبووم و نەمدەتوانی لەو جینۆسایدە ئاگاداریان بکەمەوە."

جارێکی دیکە پاڵێورایەوە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی برێمن لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام دەدرێت. جندی تونجەلیش لەسەر لیستی دی لینکە پاڵێوراوە و لە لیستەکەدا لە ریزبەندی ۱۲هەمیندایە. تونجەل داوای لە کوردستانیانی برێمن کرد جارێکی دیکە پشتیوانی لە کارەکانیان بکەن و وتی، "هەڵبژاردنی ویلایەت (هەرێم) لە برێمن و هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە یەک ڕۆژدان، واتە لە ١٤ی ئایاردان. هەر مرۆڤێکی تەمەن ١٦ ساڵ، کە ڕەگەزنامەی ئەڵمانی هەبێت و دانیشتوی سنووری هەرێمەکە بێت، دەتوانێت دەنگ بدات. دەنگی خۆتان بەکار بهێنن و بیدەن بە جندی تونجەل. ئەو دەنگەی بە جندی تونجەلی دەدەن، دەبێت بە دەنگی ئێوە".

ژ.ت