لە شارەکانی بێرن، ئینس، لوزێرن، وینزەرسەر، سانت گالێن، زوریخ و باسل-ی وڵاتی سویسرا هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کرا.
چالاکییەکانی پیرۆزکردنی جەژنی ژیانەوەی ١٥ی تەباخ بە بەشداریی رێکخراوەکانی گەنجان، ژنان، کرێکاران، بنەماڵەى شەهیدان و دۆستانی کورد و کەسایەتییەکان و بە بەشداریی سەدان کەس بەڕێوەچوون.
لە وتەکاندا لە یادەکەدا ڕاگەیاندرا، 'بە خوێنی هەزاران شەهید و بە ڕەنجی ملیۆنەها کەس کورد لە سڕینەوە و لە ناوچون بەرەو ژیانەوە و پاراستنی هەبوونی خۆی ڕۆیشت. بە پشتیوانیکردن لە تێکۆشانی گەریلا ئێمە لەسەر رێگای شەهیدان درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
ئەوەشیان ڕاگەیاند، "لە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ لە ساڵی ١٩٨٤ دا گولـلەی یەکەم لە دژی دوژمن تەقێنرا، ئەوە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی ئازادیی گەلی کورددا. ئەوە بووە گولـلەى هۆشیاربونەوە و ژیانەوە. تەقاندنی یەکەم گولـلە هاوکات وەڵامێک بوو بۆ ئەو کوردە ڕادەستبوانە، کە بڕوایان بە خۆیان و گەلەکەیان نەمابوو".
لە درێژەی خوێندنەوەى ڕاگەیاندراو و وتەکاندا باسی ئەوەشکرا، "١٥ی تەباخ بووە رێ نیشاندەری نەتەوەی دیموکراتیک و گەلی کورد و هەموو ڕەنگە جیاوازەکانی کرد بە یەک و لە دژی داگیرکەری وەستایەوە. کچان و کوڕانی عەگید و ئازای ئەم گەلە ئێستا لە تونێلەکانی شەڕدا زەمانەت و گارانتیی گەلی کوردستانن و ئەوەشی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە گەشکردن و بە هێزکردنی تکێۆشان و پشتیوانیکردنە لە تێکۆشان".
لە پیرۆزکردنی جەژنی ژیانەوەى ١٥ی تەباخ دا وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، ئاڵاکانی پەکەکە، یەپەگە و پەپەژە و وێنەى شەهیدان و فەرماندە عەگید بەرزکرابونەوە و بە بەردەوامی دروشم بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی کوردستان و بەرخودانی گەریلا دەوترایەوە و خیانەت و داگیرکەرییان ئیدانە دەکرد.
لە پیرۆزباییەکاندا بە دەم گۆرانی و سرودی شۆڕشگێڕییەوە شایی و گۆڤەند گێڕدران و سڵاو لە بەرخودانی گەریلا کرا.
ژ.ت