خالیدە تورکئۆغلو: گۆشەگیری ئیمراڵی بە پێشەنگایەتی ژنان دەشکێت
وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پێشەنگایەتی ژنان دەشکێنرێت.
وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پێشەنگایەتی ژنان دەشکێنرێت.
وتەبێژی مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) خالیدە تورکئۆغلو دەربارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، لە بینای پارتەکەی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی بەست.
تورکئۆغلو بە یادکردنەوەی ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووس ناگیهان ئاکارسەل کە ٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە سلێمانی شەهیدکرا، دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی: "کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل بە هەمان ئەو زیهەنیەتە ئەنجامدرا کە ژینا ئەمینی کوشت. چونکە ئێمە دەزانین ئەو ژنانەی دژی پیاوسالاری تێدەکۆشن و بەدوای حەقیقەت دەگەڕێن، دەبنە ئامانجی ستەم و دەوڵەتەکان".
تورک ئۆغلو تیشکی خستەسەر کوشتنی نارین گوران و ڕایگەیاند لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی ژنان و مناڵان دەکەن، جەختی کردەوە هەموو ئەو کارانەی لە کوردستان دەکرێن لە چوارچێوەی سیاسەتی شەڕی تایبەت دەکرێت، ئەوە ٤٠ ساڵە دەوڵەت لە جوگرافیای کوردستان سیاسەتی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبات.
هەروەها تیشکی خستەسەر بەئامانجگرتنی پەیامنێری ژن نیوز ڕابیعە ئۆنڤەر چونکە لە جولەمێرگ ڕاپۆرتی لەسەر چەتەکانی مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی لە جولەمێرگ ئامادە کرد. ڕایگەیاند ئۆنڤەر بەهۆی ئاشکراکردنی شەڕی تایبەت، کرایە ئامانج.
هەروەها ئاماژەی کرد بە کۆمەڵکوژی ژنان و ڕایگەیاند تەنها لە مانگی ئاب ٣١ ژن کوژراون، ١٥ ژن بەشێوەیەکی گوماناویی مردوون، جەختی کردەوە ئەم تەنها داتا بەردەستەکانە و ژمارەکان لەوە زیاترە، یاساکانی وڵاتەکە بەگوێرەی پێویست نین بۆ پاراستنی ژنان. گوتی: "لێپرسینەوە لە کوشتنی هەر ژنێک دەکەین. بە پاراستنی ماف و ژیانمان و مەزنکردنی یەکگرتن، دەست لە ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ هەڵناگرین".
جەختی کردەوە، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە نزیکایەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی تێکۆشان بەهێزتر دەکەن.
گۆشەگیری ئیمراڵی
خالیدە تورکئۆغلو تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و ڕایگەیاند ٤٢ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە، کەچی وەزیری داد دەڵێت گۆشەگیری لە تورکیا نییە، بەڵام گۆشەگیری هەیە و بووەتە گۆشەگیرییەک لەسەر هیوای ئاشتی و گەلانی تورکیا و ژنان، گوتی: "ئێمەی ژنان پێشەنگایەتی دەکەین لە شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە. ئەوانەی دەیانەوێت بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی گەلی کورد و بەهاکانی، درێژە بەم گۆشەگیرییە بدەن، دەبێت باش بزانن ئێمە سەردەکەوین. ئێمەی ژنان چیتر بەرگەی ئەم دەسەڵاتە ناگرین کە بە قووڵکردنەوەی گۆشەگیر و هەژاری و بێکاری و ڕەنجخۆری، جەخت لە سیاسەتی شەڕ دەکاتەوە. دژی ئەم شەڕە، لەگەڵ ژنان بزووتنەوەی بەرفراوان دژی شەڕ بنیات دەنێین. هێزی ئەمەمان هەیە، باوەڕمان هەیە، مێژووی تێکۆشانی ئیلهامبەخشمان هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، لە ٣٠ ی ئەیلول لە ئەنقەرە بە درووشمی "پێداگرین لەسەر ژیانی ئازاد و یەکسان، دژی شەڕین" خەباتی کەمپەین دەست پێ دەکەین".