خەڵکی وان لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەیان درێژە بە بەرخۆدان دەدەن

پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی گوڵجان کاچماز سایگیت ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵکی وان پێشتر وەڵامێکی بەهێزی دابوو بە هەوڵدانەکانی قەیوم و وتی: "لە دژی ئەم دەستبەسەرداگرتنەی ئیرادەی گەلدا، تێکۆشان بە هێزەوە بەردەوامە.

هاوسەرۆکی شارەوانی وان عەبدوڵا زەیدان بە تۆمەتی 'هاوکاری ڕێکخستن و تیرۆر' ٣ ساڵ و ٩ مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بەشداری لە چالاکی قەڵغانی زیندو لە گەڤەر لە ساڵی ٢٠١٥ وەک بیانو پیشان دراوە، بەڵام بە پێی زانیارییەکان زەیدان ٢١ کیلۆمەتر دووربووە لە هەرێمی ناوبرا. لەگەڵ ئەوەشدا داداگا بڕیاری خێرای داوە کە ئەمە جارێکی دیکە ئەوە نیشان دەدات کە پرۆسەکە سیاسییە.

وەک دەزانرێت دوای هەڵبژاردنی ناوخۆی ئەرکەکە بە عەبدوڵا زەیدان نەدرا، بەڵام لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بە هێزی گەل بڕیارەکە کێشرایەوە.

'ئەم بڕیارەی سیاسییە، خەڵکی وان سەر نەوی ناکات'

پەرلەمانتاری دەم پارتی وان گوڵجان کاچماز بڕیاری دادگا هەڵسەنگاند، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە بە تەواوەتی پڕۆسەیەکی سیاسییە و گوتی: "ئەم بڕیارە نابێت لە چوارچێوەی یاسادا هەڵبسەنگێنرێت. دادگا بە فەرمانی دەسەڵاتداری سیاسی جوڵە دەدات. ئەم سزا تۆڵە کردنەوە لە بەرخۆدانی گەلی وانە".

گوڵجان ئاماژەی بەوەکرد خەڵکی وان پێشتریش لە بەرانبەر سیاسەتی قەیوم هەڵوێستی بە هێزیان نیشانداوە و ئاماژەی بەوەشدا لە تێکۆشان هەنگاو بۆ داوە نانێن.

'خەڵکی وان بەرخۆدانی کرد، دیسان بەرخۆدان دەکات'

دوای ئەو بڕیارەی کە بەسەر زەیدان سەپێنرا،  پارێزگای وان چالاکییەکانی لەو شارە قەدەغە کرد و گوتی: "دەیانەوێت بنەڕەتێکی گونجاو بۆ قەیوم ئامادە بکەن. بۆ ئەوەش دۆسێیەکی ماوەیەکی زۆر لە بەردەستیان بوو، لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسییدا جێبەجێیان کرد. خەڵکی وان وەک چۆن پێشتر خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆی کرد، ئەمڕۆش بەرخۆدان دەکات و ئیرادەی خۆی تەسلیم ناکات".

گوڵستان کاچماز فشارەکان لەسەر تێکۆشانی ژنان و دەستوەردان لە چالاکی 'بۆ ئازادی ڕێپێوان دەکەین'ی وانی بیرهێنایەوە. ئاماژەی بە توندوتیژی ڕاستەوخۆی پۆلیس لە بەرانبەر ڕاگەیاندن کرد.

'سیاسەتی قەیوم لە  هەموو شوێنێکی تورکیا بڵاودەبێتەوە'

وتیشی: "پێشتر قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی هەدەپە و دەبەپە دەسپێنرا. هەمووکات دەمانگوت؛ ئەم کارە لە تەواوی تورکیا بڵاودەبێتەوە. ئەمڕۆ دەبینین لە شارەوانی ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵەوە دەستی پێکرد و هێرشی چەندین شارەوانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. ئەگەر ئەم سیاسەتی قەیومە لە تەواوی تورکیا بڵاوببێتەوە، دەبێت تێکۆشان لە تەواوی تورکیا فراوان بکرێت".

هەروەها گوڵستان کاچماز ئاماژەی بەوەشدا پارتە سیاسییەکان و ڕای گشتیی دیموکراتیک لە دژی سەپاندنی قەیوم هەڵوێستێکی بە هێزیان نیشاندا و گوتی: "لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا تا ڕۆژئاوا، لە باکوور تاوەکو باشوور، لە  دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە دەبێت هێڵێکی بە بڕیار و ڕێکخراوی تێکۆشان دابمەزرێت".

خەڵکی وان دەست لە تێکۆشان هەڵناگرێت

گوڵستان کاچماز لە کۆتایی قسەکانییدا گوتی: "وەک چۆن تاوەکو ئێستا لە بەرانبەر فشار بێدەنگ نەبووین، لە ئێستاشدا بێدەنگ نابین. خاوەندارێتی لە ئیرادەی گەلەکەمان دەکەین، هەموو جۆرە نایاساییەک شەرمەزار دەکەین و لە دژی ئەم مێشکە زۆردار بەرخۆدانمان فراوان دەکەین. خەڵکی وان ئیرادەی خۆی تەسلیمی کەس ناکات".