خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵات لە ٣٨هەمین ڕۆژدان

چالاکییەکانی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردن زیاتر لە مانگێکە لە دەیان شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. لە کۆتایی هەفتەدا لە زۆربەی شارەکاندا مانگرتنی گشتی هەبوو.

لە ١٦ی ئەیلولەوە، کە ژنی کورد ژینا ئەمینی لە تاران لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە کوژرا، خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان دەستیان پێکردووە.

سەرەڕای هێرشی قورسی هێزەکانی دەوڵەت و دەستگیرکردن و هەڕەشە و ئەشکەنجە، ڕۆژانە لە دەیان شار دا چالاکیی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرێت.

لە پارێزگاکانی تاران، ئازەربایجان، خوزستان، ئیسفەهان، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان و لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی و ناڕەزایەتی ئەنجامدران.

ڕۆژی شەممە بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی سنە، بانە، مەریوان، بۆکان و مەهاباد مانگرتنی گشتی ئەنجامدرا و دووکان و بازاڕ نەکرایەوە.

هاوکات شەوی ڕابردوو لە هەمان ئەو شارانە و لە کرماشان و ورمێ و سەقز خۆپیشاندان ئەنجامدران.

لە زۆر ناوچەکاندا ئاگر کرایەوە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە. لە زۆربەی شارەکاندا شەڕ لە نێوان هێزەکانی دەوڵەت و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا.

هەروەها خوێندکاران لە زۆربەی شارەکاندا چالاکیان ئەنجام دا و بایکۆتی وانەکانیان کرد. لەسەر بانگهێشتی یەکێتی مامۆستایان بڕیاریشە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانگرتن بکرێت. خوێندکارانیش بەشداری لە مانگرتنەکەدا دەکەن.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنەکان، چالاکییەکان و خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان بە ١٩٥ شاردا بڵاوبوونەتەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، تا ئێستا ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ کەس لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراون.

ژ.ت