کەجەدە هۆشداری دایە پەدەکە: ناهێڵین ئێزدییەکان بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکان

کەجەدە دەربارەی هەڕەشەی سەر ئێزدییەکان هۆشداری دایە پەدەکە و گوتی: "ناهێڵین ئێزدییەکان بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکان".

ڕاگەیاندراوی کەجەدە

کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) پەیوەست بەو ئێزدییانەی کە بەهۆی هەڕەشەکانی سەریان ناچاربوون لە کەمپەکانی پەدەکە هەڵبێن، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، گوتی: "بێدەنگی هاوبەشی کۆمەڵکوژییە". 

هێرش دەکەنە سەر ستاتۆی شەنگال

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "جڤاکی ئێزدی کە ٧٣ جار ڕووبەڕووی فەرمان بووەتەوە و ٧٣ جار لەبەرچاوی جیهان کوژراون، ئەمڕۆش ڕووبەڕووی هەمان هەڕەشە بوونەتەوە. دوای فەرمان زۆرێک لە ئێزدییەکان کۆچیان کرد، هەندێکیان چوونە ئەوروپا، هەندێکیان گەڕانەوە بۆ شەنگال و هەندێکیشیان لە کەمپەکاندا لە دۆخێکی خراپدا دەژین. ١٥٠ هەزار ئێزیدی کە لە هەرێمی کوردستان لەژێر فشاری پەدەکە دەژین، بەهۆی لێدوانی پێشمەرگەی پێشوو، قاسم شەشۆ لەبەردەم هەڕەشەی قڕکردنن. پەدەکە کە لە فەرمانی ٧٣ هەمیندا ئێزدییەکانی ڕادەستی چەتە دڕندەکانی داعش کرد، ئەمڕۆش هەوڵدەدات شەنگال بێ ستاتۆ بهێڵێتەوە.

هۆشداری درایە پەدەکە

وەک کەجەدە، هۆشداری دەدەینە پەدەکە و دەڵێین، ناهێڵین ئێزدییەکان بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانتان. خاکی کوردستان لە دەرەوەی چوارچێوەی پەدەکەیە. پەدەکە لە لایەک خاکی کوردستان پێشکەش بە داگیرکەران دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە بە هاوکاری داگیرکەران هەڕەشە لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکات. مێژوو شەرمەزاری پەدەکە دەنووسێتەوە کە ئێزدییەکانی لە دەستی داعش نەپاراست و هەڵاتن. هەروەها مێژووی ئەو کەسانە دەنووسێتەوە کە جڤاکی ئێزدی و کەرامەتی مرۆڤیان پاراست. گەلەکەمان ئەم هەڵوێستەی پەدەکە شەرمەزار دەکات. بەو ئامانجەوە داوا لە جڤاکی نێونەتەوەیی و هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەین هەڵوێستی ڕوون نیشان بدەن و لە بەرامبەر ئەم ڕەوشەی کە بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی نوێ بێدەنگ نەبن. بێدەنگی هاوکارییە لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکان. جڤاکی ئێزدی بەهۆی بێدەنگییەوە ڕووبەڕووی ٧٣ فەرمان بوونەتەوە. داوا لە هەموو گەلی کوردستان و پارت و ڕێکخراو و ڕێکخراوە مەدەنییەکانمان دەکەین دژی ئەم هێرشانە هەڵوێست وەربگرن".