بە دیمەن

کەجەدەکە_ئە و تەژەکە_ئە بانگەوازیان کرد بۆ ستراسبۆرگ: کۆبوونەوەیەکی مێژوویی ئەنجام دەدرێت!

کەجەدەکە_ئە و تەژەکە_ئە بەبۆنەی پیلانگێڕیی ١٥ ی شوبات بانگەوازیان لە گەلان کرد لە ستراسبۆرگ کۆبوونەوە و دووپاتیان کردەوە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و مێژوویی ئەنجام دەدرێت.

هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت و وتەبێژی تەژەکە_ئە ئایتن کاپلان دەربارەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوبات لە ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی شاری دۆرتموندی ئەڵمانیا، کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست.

زوبەیدە زومروت تیشکی خستەسەر ٢٦ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و ڕایگەیاند ٢٦ ساڵە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمراڵی بەردەوامە و ٢٦ ساڵە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپ لە ئیمراڵی بەردەوامە، هەروەها ملیۆنان کەس بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدان دەکەن. گوتی: "ئەمڕۆ کاتێک پێشوازی لە ٢٦ هەمین ساڵیاد دەکەین، لەلایەک گۆشەگیری بەردەوامە، لەلایەک هەرچەند "مافی هیوا" بۆ ڕێبەر ئاپۆ پەیدابووە، کەچی فاشیزمی ئاکەپە_مەهەپە هیچ هەنگاوێک نانێت، ئەمەش دەریدەخات یاسا چۆن بەڕێودەچێت".

تیشکی خستەسەر هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێ کرد، ڕایگەیاند زیاتر لە چاوەڕوانییەکانیان لە چەندین وڵاتەوە پشتگیری هەڵمەتەکە کراوە و ڕۆژەڤێکی گرنگی ئافراند، گوتی: "بەڵام ئەم چالاکییانە بۆ تێکۆشانی ئێمە بەس نەبوون، پێداگریمان بۆ تێکۆشانی یاسایی و دیپلۆماتیک بەردەوامە. بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی ئازاد بکەین.

ئێمە لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا پێشوازی لە ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ ی شوبات دەکەین. بەشداربوون لەو پەیامەی لە ستراسبۆرگ دەدرێت، گرنگییەکی مێژوویی هەیە. ئەم پەیامە تەنها زارەکی نابێت، دەبێت پەیامێکی هەرە مەزن کە سەدان هەزار کەس لە ستراسبۆرگەوە هاوار بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن".

هەروەها تیشکی خستەسەر ئامادەکارییەکان بۆ چالاکییەکەی ستراسبۆرگ و بانگەوازی لە گەل کرد لە ١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ کۆببنەوە، گوتی: "بە یەک دەنگ و یەک دڵ ئاماژە بە ئیمراڵی دەکەین. ئەگەر پرسی کورد چارەسەر ببێت، موخاتەب ڕێبەر ئاپۆیە. بۆیە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت. بە ئەزموون دەزانین، ئەگەر لایەک لە گۆشەگیریدا بێت و لایەکی تر ئازاد بێت، گفتوگۆ ئەنجامی نابێت".

"پێویستە گەلەکەمان سەفەربەر بێت و بەشدارییەکی مەزن بکات"

هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە ئەنگین سەڤەر تیشکی خستەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە ئامانجی لەناوبردنی تێکۆشانی گەلی کورد، گوتی: "وەک گەلی کورد بانگەواز لە هێزە نێونەتەوەییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا دەکەین، ڕێبەرمان ٢٦ ساڵە لە زیندانە. دەیانەوێت گەلەکەمان سەرکوت بکەن و بێبەشی بکەن لە ئازادی. کوردەکان ٢٦ ساڵە لە هەموو جێیەک چالاکی مەزن دەکەن، ئەنجامی مەزنیان بەدەستهێنا و فیداکاریی مەزنیان ئەنجامدا".

ئەنگین سەڤەر تیشکی خستەسەر هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و جەختی کردەوە خاوەندارییەکی مەزن هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک بە پشتگیری دەوڵەتانی نێونەتەوەیی دەیەوێت درێژە بە پیلانگێڕی بدات.

هەروەها ڕایگەیاند بۆ چارەسەری پرسی کورد و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کلیلەکە ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە، گوتی: "بۆیە دەبێت لە ١٥ ی شوبات کاتژمێر ١٠:٠٠ لە ستراسبۆرگ سەفەر ببین. چونکە ئازادیمان گرێدراوە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێدراوە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ.

شکاندنی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان گرێدراوە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ. پێویستە گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان لە ستراسبۆرگ بن و ملیۆنان کورد لە سەرانسەری جیهان ڕاپەڕن. با لە ١٥ ی شوبات سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی بشکێنین و هاوار بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بکەین".

"ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ئێمەیە"

وتەبێژی تەژەکە_ئە ئایتن کاپلان، تیشکی خستەسەر بڕیارەکەی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا کە هۆشداری دایە تورکیا تا ئەیلولی ٢٠٢٥ ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێت، ئاماژەی بەوە کرد لەلایەک دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەیە، لەلایەک هێرش دەکەنە سەر تەڤگەری ئازادی و چەکی کیمایی بەکاردەهێنن. لە ڕۆژهەڵات هەوڵدەدەن بە سێدارە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" سەرکوت بکەن، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە، لە باکووریش قڕکردنی سیاسی دژی گەل بەردەوامە. گوتی: "هاوکات هەوڵێک هەیە، گەر دەتانەوێت ئەم هەوڵە بە دیموکراسی چارەسەر ببێت، ڕێگەی ئەمە ئازادی سەرۆکایەتی ئێمەیە. بەردەوامی گۆشەگیری، وا دەکات ئێمەش هەڵمەتەکەمان بەهێزتر بکەین دژی ئەم گۆشەگیرییە".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ڕێپێوانەکەی ستراسبۆرگ پەیامێکی بەهێزە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قڕکردن، بانگەوازی لە هەمووان کرد ڕووبکەنە ستراسبۆگر و خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن.

هەروەها جەختی کردەوە، مێژوو و زمان و هەبوونی کورد لەژێر هەڕەشەدایە و دەبێت هەمووان خاوەنداری لە بەها و ناسنامەیان بکەن، گوتی: "ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەبوون و ستاتۆی کورد گرنگە. هەر کورد و ژن و گەنج و پیر و دۆستێکمان، ئەگەر بەڕاستی ئایندەیەکی دیموکراتیک و ئازادیان دەوێت، دەبێت ١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ دەنگ هەڵبڕن و پێکەوە بڵێن "ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ئێمەیە".