ئایشەگوڵ دۆغان: چارەسەر بە تێکۆشان و هاوکاری دێتەدی
وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند ئەوان چارەسەر بۆ ڕەحمی دەسەڵات جێناهێڵن و ڕایگەیاند چارەسەر بە هاوکاری و تێکۆشان دێتەدی.
وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند ئەوان چارەسەر بۆ ڕەحمی دەسەڵات جێناهێڵن و ڕایگەیاند چارەسەر بە هاوکاری و تێکۆشان دێتەدی.
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی "نان، دادپەروەری، ئاشتی" لە مێرسین لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان کۆبووەوە، تیشکی خستەسەر پێشهاتەکانی دوای دیداری رێبەر ئاپۆ و گوتی: "هەموومان پێویستمان بە ئاشتیی و چارەسەرێکی دیموکراتیکی ڕاستەقینەیە".
هەروەها تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتە سیاسیەکان پاش دیدارەکەی ئیمراڵی و گوتی: "سەرەڕای هەموو بانگەوازەکان، گۆشەگیری و دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و فشار و دەستبەسەرکردن و سەپاندنی نادیموکراتیک بەشێوەیەکی نایاسایی بەردەوامە". شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند تەنانەت دەسەڵات ڕێگەی نەدا تەرمەکانیشیان بگاتەوە وڵات و بەخاک بسپێردرێت.
"ڕێگەی چارەسەر دیارە"
ئایشەگوڵ ڕایگەیاند هەلی گۆڕانی دیموکراتیک و ئاشتی و چارەسەر چەندە بچوکیش بێت، بەردەوام دەبن لە هەوڵدان، گوتی: "ئەمەش بە ئیرادە و تێکۆشانی هاوبەشمان دێتەدی. دەم پارتی ناتوانێت بەتەنها ئەمە بکات. چونکە ئاشتی پرسێکی کۆمەڵایەتییە. ئێمە باسی ڕاستی شەڕ دەکەین کە ئیدی لە هەموو بوارەکانی ژیان خۆی دەردەخات، ڕۆژ بە ڕۆژ مەزنتر دەبێت و کاریگەری لە هەموومان دەکات. گۆڕینی ئەم سیستەمە بە ڕێگەی دیموکراتیک کارێکی ئاسان نییە".
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند ڕێگەی چارەسەر دیارە و دەم پارتی، پارتی دانوستانی دیموکراتیک و تێکۆشانە، جەختی کردەوە دەبێت بە دیالۆگ و کۆبوونەوە پرسەکانی تورکیا چارەسەر بکرێن، ئەگەر نیازی دەوڵەتیش باش نەبێت بەشی پێویست ئەزموون هەیە بۆ لەناوبردنی ئەم نیازە خراپانە، گوتی: "دووپاتی دەکەمەوە، ئێمە چارەسەر بۆ ڕەحمی دەسەڵات جێناهێڵین. هەروەها ئەمە بابەتی پارتێکی سیاسی نییە و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنها چارەسەری بکات. پێویستە هەمووان خاوەنداری لە چارەسەری دیموکراتیک بکەن. هەمووان پێویستمان بە مەزنکردنی تێکۆشانە".