کەجەدەکە – ئەوروپا تیرۆری دەوڵەتی تورکی لە شەنگال شەرمەزار کرد

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد – ئەوروپا، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی لە شەنگال شەرمەزار کرد و داوای کرد هەموو کەسێک و لایەنێک دەوڵەتی تورک شەرمەزار بکەن.

کەجەدەکە – ئەوروپا لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە شارەدێی خانەسوری شەنگال راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا مەروان بەدەل هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری خۆسەر شەهید بوو.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بێدەنگیان، کۆمەڵکوژیەکان پەسەند دەکەن و ئەگەر هاوکاری تاوانەکە نەبن، پێویستە میکانیزمی نێودەوڵەتی لەدژی دەوڵەتی تورک بەکار بهێنن."

کەجەدەکە – ئەوروپا داوای لە کوردانی ئێزدی لە ئەوروپا و هەموو گەلی کوردستان و لایەنگرانی مرۆڤایەتی کرد کە لەدژی کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک هەستنە سەرپێ.

کەجەدەکە – ئەوروپا وتی، "پێویستە هەموو کوردستانیان بزانن، خاوەنداریکردن لە شەنگال، ئەرکێکی سەرەکی نەتەوەییە. بێدەنگی بە واتای هاوکاریکردنی کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک دێت."

ف.ق