٣٢ هەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کورد
٣٢ هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کورد بە تێمای "گۆشەگیری و داگیرکاری دەشکێنین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین"، بە خوێندنەوەی پەیامی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەردەوام بوو.
پەیامی کەجەکە لەلایەن سیاسەتمەدار نەجدەت ئاتالای خوێنرایەوە، لە پەیامی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە گوترا: "پێش هەموو شتێک، سڵاو لە ٣٢ هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کورد دەکەین. بەدڵێکی گەرمەوە سڵاو و ڕێزی خۆمان دەنێرین بۆ گەلەکەمان و دۆستەکانمان کە بەشداری فیستیڤاڵەکە بوون.
تێکۆشان ڕووخانی فاشیزم خێراتر دەکات
وەک گەل و تەڤگەر، بە قۆناغێکی دژوار و چارەنووسسازی تێکۆشانماندا تێپدەپەڕین کە چارەنووسی گەلەکەمان یەکلا دەکاتەوە. وەک دەزانرێت ڕژێمی فاشیست و داگیرکەر و قڕکەری ئاکەپە_مەهەپە دژی تەڤگەر و تێکۆشانمان، بەتایبەت لەڕێگەی پلانی "چۆکدادان"ـەوە، لە دە ساڵی دواییدا شەڕێکی دژوار بەڕێوەدەبات، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە ئەنجامێکی دڵخوازی خۆی بەدەست بهێنێت. چونکە ستراتیژەکەیان پشت دەبەستێت بە تەکنیک و ئەمەش لەلایەن گەریلاوە پووچەڵکراوەتەوە. ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییەی بەهۆی شەڕەوە ئافرێندراوە، گەیشتۆتە ئاستی بەرگەنەگرتن و کۆتایی دەسەڵاتی شەڕی گڵاوی لە تورکیا نزیکتر کردووەتەوە. بێگومان باج و قوربانیدانەکە چەندێک بێت، تێکۆشانمان ئەم دەسەڵاتەی گەیاندۆتە ئەم ڕەوشە. پێش هەموو شت، بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، کاریگەری هەڵمەتی ئازادیی جیهانی، تێکۆشانی نەپساوەی گەلەکەمان و ئیرادەی گەریلاکانی ئازادی کە بەرامبەر هەموو جۆرە تەکنیک و چەکێکی کیمیایی دوژمن، بەرخۆدان دەکات؛ ئەم ڕەوشەی بەدیهێناوە. هەروەها زیرەکی گەریلا لەڕووی گەیشتن بە ئاستی تەکنیک و کەرەستەکان، ئەو تەکنیکە پووچەڵ دەکاتەوە کە دوژمن زۆر باوەڕی پێی هەبوو، هەروەها خۆنوێکردنەوەی گەریلا لە تاکتیک و تەکنیکدا، ڕووخانی فاشیزمی خێراتر کردووە.
لەبەرئەوەی هیوای هێزە قڕکەر و فاشیستەکانی ئاکەپە_مەهەپە شکاوە و تێدەگەن کە ناتوانن ئەنجامێکی دڵخواز بەدەست بهێنن، لەسەر بناغەی ڕێککەوتن دژی کورد و تەڤگەرەکەمان، لە هەرێمەکەدا سازش نەماوە نەیکەن. ئەردۆگان کە تا دوێنێ دوژمنی سەرسەختی ئەسەد بوو، لە ئەنجامی دوژمنایەتی کوردان هاتووەتە ئاستێک کە پێداگرە لەسەر کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد و کاری هاوبەش دژی کوردان. هەروەها لە عێراق و باشوور، هەموو پەدەکە هەموو هاوکاری و دوژمنایەتییەکەی دژی پەکەکە بۆ خزمەتی کۆماری تورک ئەنجام دەدا، بەڵام بەمە ڕازی نەبوون، هەموو هەوڵێکیان دا تاوەکو عێراقیش پەلکێش بکەن بۆ نێو ئەم هاوکارییە. بەهۆی ڕەوشی لاواز و بێهێزی عێراقەوە، ئەویشیان کشاندە نێو ڕێککەوتنەکە. لەم قۆناغەدا، ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە_مەهەپە هەوڵدەدات کۆنسێپتێکی هەرێمی یان کۆنسێپتێکی نێونەتەوەیی دژی تەڤگەرەکەمان پێش بخات. دەوڵەتی قڕکەر و کۆڵۆنیاڵیستی تورکیا، دوژمنی هەموو کوردانە. پێشتریش دەوڵەتانی سەردەست لە بەشەکانی تری کوردستان، لە سیاسەتی دژی کورداندا، داگیرکەری تورکیان دەکردە نموونەی خۆیان، بەو پێیە سیاسەتی خۆیان دیاری کردووە. ئێستەش دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورکیا، لە ناوچەکانی تری کوردستانیش دژی کورد شەڕ دەکات. دەیەوێت بگاتە سنوورەکانی میساقی میللی. هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا بە ئامانجی بەدیهێنانی ئەم پلانەیە.
نیو سەدەیە بێ پسانەوە بەرخۆدانمان بەردەوامە
ئێمە وەک گەلی کورد هێزێکی تێکۆشانین کە نیو سەدەیە بێ پسانەوە بەرخۆدانمان بەردەوامە. ئێمە لە قۆناغێکداین کە ڕاستیی جەنگی جیهانی سێیەم ڕوونتر بووە، هەمووان بەو پێیە ئامادەکاری دەکەن و بەو پێیە پەیوەندی و هاوسەنگی پێش دەکەوێت. لە قۆناغێکی وەهادا هێز و کاریگەری ئێمە لە شکستپێهێنانی ئەو یارییانەی کە لە بەرامبەر هێزێکی شەڕکەری وەک ئێمە پێش دەخرێت، دەبینرێت و دەزانرێت. بە دڵنیاییەوە لە مێژووی کورددا چەندین بەرخۆدانی کورتخایەن پەرەی سەندووە، بەڵام بە توندوتیژی و کۆمەڵکوژی سەرکوت کراون و ڕووبەڕووی قڕکردنی جدی بوونەتەوە. لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا، ئاسان نییە ڕێگری لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان بکرێت کە نیو سەدەیە بەردەوامە و دەستکەوتەکانی تێک بشکێنرێت. لە مێژووی کورددا یەکەمجارە تێکۆشانی ئازادی بەم جۆرە پێشەنگایەتی و ڕێکخستنەوە پێش بخرێت و بەهای ئازادیی هەمیشە بئافرێنرێت. تێکۆشانی ئێمە بەرهەمی کۆمەڵایەتی گرنگ و هۆشمەندیی نەگۆڕی ئازادی و هەڵوێستی بەرخۆدانی هێنایە ئاراوە. شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەیی ڕوویدا، کە گوزارشت لە دابڕانی کۆمەڵگەی کوردی لە سیستەمی داگیرکەر دەکات.
پێویستە گەلی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیان، بەگوێرەی ڕاستی تێکۆشان خۆی ڕێک بخات
گەلی هێژامان!
بێگومان پێشەنگایەتی شۆڕشگێڕی لە تێکۆشانی گەلێکدا، گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، بەڵام کارەکتەری تێکۆشانی ئەم سەردەمە دەریدەخات تێکۆشان ئەگەر تەنها لەسەر شانی هێزی شۆڕشگێر یان گەریلا بێت، ناتوانێت سەرکەوتنی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بەدەست بخات. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ، ستراتیژی تێکۆشانی قۆناغی نوێی وەک شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بە پێشەنگایەتی گەریلا دیاری کرد. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو گەل وەک پێشەنگ و گەریلا لە تێکۆشانێکی گەرمدایە؛ بەڵام ئەمە بەو مانایەیە کە گەلەکەمان هەموو بوارەکانی ژیانی خۆی بەپێی ڕاستی تێکۆشان ڕێکبخات و چالاکانە بەشداری شۆڕش بکات. پێویستە گەلەکەمان کایەکانی ژیانی خۆی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کەلتووری و دیپلۆماسییەکانی بە پێی ڕاستی تێکۆشان ڕێکبخات و بەشێک بێت لە تێکۆشان. ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی ئەو گەلەی بەم شێوەیە دەژی و خۆی ڕێک دەخات دەیگوت، "ڕاستی گەلی شەڕکەر" هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر تێکۆشانی ڕەوای هێزێکی گەلی لەم جۆرە بوەستێتەوە.
هەڵمەتی ئازادی جیهانی بووەتەوە و دەگاتە سەرکەوتن
گۆڕەپانی ئەوروپا کە ئێوە تێیدان، دەبێتە دەنگ و پەنجەرەی ئێمە بۆ گەیاندنی تێکۆشانەکەمان بە جیهان و بیستنی دەنگی تێکۆشانمان. ئێرە هەمان شوێنی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانە کە قڕکردنی کوردی پەسەند کرد.
هەروەها ڕۆڵی ئەوروپا لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد زانراوە. لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، ڕۆڵێکی ناوەندی بۆ ئەوروپا دیاریکرا. بە یەکگرتن لەگەڵ کۆمەڵگەکانی ئەوروپا، گرنگە بەرپرسیارێتی دەوڵەتە سەروەرەکان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان یادبخرێتەوە و چارەسەریان بەسەردا بسەپێنرێت. ئێمە پێمان وایە گەل و دۆستەکانمان بێ پسانەوە درێژە بە هەڵمەتی ئازادی جیهانی دەدەن و دەیگەیەنن بە سەرکەوتن.
بەڕێکخراوبوونی گەلەکەمان لە ئەوروپا ٤٠ ساڵ زیاتری تێپەڕاندووە. ڕێبەر ئاپۆ نزیکەی ٢٠ لە نزیکەوە پەیوەندیدار بوو بە ڕێکخستنی گەل لە ئەوروپا. بە خەبات و پێشەنگایەتی ڕاستەوخۆی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی دامەزرا، کە هیچ بزووتنەوەیەک ناتوانێت هاوشێوەی ئەوە دابمەزرێنێت. گەلەکەمان لە ئەوروپا لە سەرەتاوە پشتگیری و بەشدارییەکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادیدا کرد و ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. هەرچەند گەلەکەمان لە ئەوروپا لە هەر قۆناغێکی تێکۆشاندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە و ڕۆڵێکی تا ڕادەیەک مەزنی گێڕاوە، ئەمڕۆش ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی گەلەکەمان زیاتر و گرنگتر بووە.
لە ئەوروپا بناغەی یەکێتیی نەتەوەیی بەهێز بووە
ئەوروپا بنکەیەکی گرنگە بۆ بەهێزبوونی یەکێتیی نەتەوەیی، چونکە گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان لێرە کۆبوونەتەوە. لەسەر بناغەی یەکێتیی نەتەوەیی، دەرفەت بۆ پێشکەوتنی ڕاستی کۆمەڵایەتیمان دەڕەخسێنێت، کە لەلایەن کۆڵۆنیاڵیزمەوە سەرکوت کراوە. بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی سیاسەتی کۆچبەریی هێزە داگیرکەرەکان لە چوار پارچەی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی کورد لە ئەوروپا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو. زۆر گرنگە گەلەکەمان کە ناچار بە کۆچی ئەوروپا کراون، وە گەنجەکانمان کە کەوتوونەتە بەردەم چەرخی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بپارێزین. هەروەها تێپەڕاندنی هەموو نزیکایەتییەکی بەرتەسک و پارچەکاری و هەرێمی، وە خۆگەیاندن بە تەواوی گەلەکەمان لە هەموو بەشێکدا، گرنگترین خەباتی نەتەوەییە. لە ئەوروپا، ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کورد، پێشخستنی سیستەمی نەتەوەیی دیموکراتیک و ڕێکخراوەکان، خەباتێکی بنەڕەتی و پەیڕەوێکی وڵاتپارێزانەیە.
پێویستە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەت پێویستە بەها کۆمەڵایەتییەکان بپارێزرێت
هەرچەند تێکۆشانی شۆڕشێ ژیانەوەی نەتەوەییمان تا ڕادەیەکی گرنگ پێکهێناوە، بەڵام بەها و کەلتووری نەتەوەییمان هێشتا لەژێر فشار و مەترسییەکی مەزنی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دایە. بەتایبەت داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، دەسکەوت و بەها و کەلتووری کوردی قبووڵ ناکات. وەک بەم دوایییە ئەزموون کرا، ڕژێمی فاشیست هێرشی کردە سەر زمان و هەڵپەڕکێی کوردی. ئەم ڕژێمە بە فشار بۆ سەر کەلتوور و زمان و بەها کۆمەلایەتی و نەتەوەییەکانمان ناوەستێت، بەڵکو بۆ ئەوەی گەلی کورد دژی بەها کۆمەڵایەتییەکانی خۆی و تێکۆشان و ئازادی بوەستێتەوە، هەموو پێوەر و ڕێبازێکی شەڕی تایبەت بەکاردەهێنێت. ئەمڕۆ بە هەزاران ڕێباز هەوڵی تێکدانی گەلەکەمان لە کوردستان دەدرێت، بە هەڕەشە دەیانکەن بە سیخووڕ. کارەکانی شەڕی تایبەت، وەک تووشکردنی گەنجەکانمان لەناو تۆفانی مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی، بووەتە ڕۆتینی دەوڵەتی داگیرکەر لە کوردستان. وەک گەلی کورد پێویستە کەلتوور و بەها کەلتوورییەکانمان، بەرامبە رئەم شەڕە تایبەتەی دوژمن بپارێزین و پێشی بخەین. ئەو بوارەی کە دەتوانین شەڕی تایبەتی سەر گەنجان و ژنانی کوردی تێدا پووچەڵ بکەینەوە، بواری کەلتوور و هونەرە.
لە ئەوروپا بناغە و دەرفەتی پێشخستنی زمان و کەلتووری کورد هەن، بەڵام وا دیارە، وەک گەل ئەم دەرفەتانەمان بەگوێرەی پێویست هەڵنەسەنگاندووە. لە ئەوروپا فشاری وەک دەوڵەتانی کۆڵۆنیاڵیست و داگیرکەرانی کوردستان نییە. بەڵام دەگوترێت لە گەڕی لیبراڵیزمی ئەوروپادا، مناڵ و گەنجانی ئێمەش، لە کۆمەڵگەبوون و بەها و کەلتوورەکەمان دوور کەوتوونەتەوە و ناتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن. وەک دەگوترێت، ئەوەی هێزە کۆڵۆنیاڵیست و داگیرکەرەکان نەیانتوانی بە سیاسەت و هێرشی لەناوبردن و نکۆڵی سەد ساڵە بەدی بهێنن، خەریکە بەشێوەی ئارەزوومەندانە پێکدێت. هەڵبەت نەگەیشتنی دوژمن بەو ئەنجامە، بەرهەمی تێکۆشانمان بۆ هەبوون و ئازادی.
وەک گەل هێشتاش لەبەردەم قڕکردنی کۆمەڵایەتی و سرووشتی و کەلتوورین. لە سەردەمێکدا کە دەگوترێت بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی زیاتر بوون، بەداخەوە ئێمە هێشتا بەرخۆدان دەکەین بۆ پاراستن و زیندووهێشتنەوەی کەلتوور و زمانەکەمان. وەک کورد، پێویستە کەلتوور و زمان و بەها کۆمەڵایەتییەکانمان پێش بخەین، خۆبوونمان بەدی بهێنین، تاوەکو بتوانین لەگەڵ بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی کۆببینەوە.
قسەکردن بە کوردی لە هەموو گۆڕەپانێکدا
بەم واتایە ئەرک و بەرپرسیارێتی وڵاتپارێزیی هەموو وڵاتپارێز و گەلەکەمان لە ئەوروپا ئەوەیە، کەلتوورەکەیان بەزیندوویی بهێڵنەوە. قسەکردن بە کوردی، لەنێو بنەماڵە و دامەزراوەکانمان و پەیوەندییەکانمان، دەبێت وەکو نزیکایەتییەکی پرەنسیپی پێش بکەوێت. لە هەوڵی تاکەکەسییەوە تا هەوڵی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیی، پێویستە هەوڵی بەهێز هەبێت بۆ پێشخستنی زمان و کەلتووری کوردی لە هەموو بوارێکدا. ئەم هەڵوێستە بە واتایەکی تەسکی کوردپەرستی نییە، هەڵوێستی ئازادی و مرۆڤایەتییە. وەک تەڤگەر لەسەر بناغەی فرەکەلتووریی و فرەزمانی، لەسەر بناغەی تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیک و ئامانجی پێکەوەژیانی ئازادی گەلان، تێدەکۆشین. بەڵام بۆ ئەمە، دەبێت هەموو گەلان، بەتایبەت گەلی کورد، بە کەلتوور و بەهاکانیانەوە بژین. ئەم فیستیڤاڵە لە ئەوروپا بووەتە نەریت، گەلێک فیستیڤاڵ و خەباتی تر پێویستە خزمەت بە پێشخستن و ناساندنی کەلتوور بکەن. هونەرمەندانی کورد دەبێت بە کوردی مۆسیقا بەرهەم بهێنن، ئەدیبان بە کوردی بنووسن، ڕۆشنبیران بە کوردی بیربکەنەوە، بە کوردی بیری گەلەکەمان ڕۆشن بکەنەوە. ڕۆشنبیر و هونەرمەند و نووسەران ناتوانن جیاوازبن. چونکە هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی ئەو گەلەی بەرامبەر کۆمەڵکوژی بەرخۆدان دەکات، پێویستە بەرامبەر ئەم قڕکردنە هەڵوێستی بەرخۆدان و ئازادی پێش بخەن. ئەو دینامیکە سەرەکییەی گەل دەکاتە گەل، کۆمەڵگە دادەمەزرێنێت و مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ، کەلتوورە. پاراستنی هەموو بەها کەلتوورییەکان و بەتایبەت زمان، کە کۆمەڵگەبوون و مرۆڤایەتی لەسەر بنیات دەنرێت، بۆ ئێمە بابەتی هەبوون و ئازادییە. تێکۆشانمان، تێکۆشانی هەبوون و ئازادییە، بەرخۆدان و تێکۆشانی کەلتوورییە. بۆ گەلی نیشتەجێی ئەوروپا، هەڵوێستی وڵاتپارێزی و بەرخۆدانی بنەڕەتی، پاراستنی کەلتوور و زمان و بەها کۆمەڵایەتییەکانی تێکۆشانمان، لەسەر بناغەی ژیانکردن و پاراستن و پێشخستنی کەلتوورەکەیانە. لەو بیر و باوەڕەداین، کە گەلەکەمان لە بابەتی هەبوون و ئازادی خۆیدا، لە هەموو کات هەستیارتر بێت بۆ پاراستن و پێشخستن و زیندووهێشتنەوەی کەلتوورەکەی. هیوای سەرکەوتن بۆ تێکۆشانەکەتان دەخوازین".
جەماوەر بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" وەڵامی پەیامی کەجەکەیان دایەوە.