کۆمەڵەى مافی مرۆڤ چالاکیی ئێشکگریی 'ئازادی بۆ بیروڕای سیاسی' دەستپێکرد

لقی کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهەدە / ÎHD) لە ئادیامان سەردانی ڕێکخستنی هەدەپەی لە ئادیامان کرد و بۆ ئەوەی سەرنج ڕابکێشێتە  سەر دۆزی داخستنی هەدەپە دەستی بە چالاکیی ئێشکگریی "ئازادی بۆ بیروڕای سیاسی" کرد.

لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئادیامان لە چوارچێوەی چالاکیی "ئازادی بۆ بیروڕای سیاسی" بە بۆنەى رۆژانی ١٧-١٠ی کانوونی یەکەم و هەفتەى مافەکانی مرۆڤ سەردانی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ی لە ئادیامان کرد.

عیزەت قەرەداغ ئەندامی ئەنجومەنی پارتی هەدەپە، ڕەزا بیلگیچ و بەڕێوەبەرانی هەدەپە پێشوازییان لە شاندی ئیهەدە کرد، کە بولەند تەمەل ئەندامی دەستەى گشتیی ئیهەدەشیان لە ناودا بوو.

بولەند تەمەل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی ئیهەدە رایگەیاند، هۆکاری سەردانەکەیان نیشانەی کاردانەوەیانە بەرامبەر بە زۆربوونی هێرشەکانی لە سەر هەدەپە و وتی: "ئەوان بەو هەموو گوشارەی سەر هەدەپە تێر نابن، سەرەڕای گارانتی و دڵنیاییەکانی پێشووی سەرۆکی وڵات، داوای داخستنی هەدەپە دەکرێت. لە پەیوەند لەگەڵ ئەو دۆخەدا ئێمەش لەو بڕوایەداین، کە ئەوە بێ تەحمولی و قبوڵنەکردنی بیر و رامانی سیاسییە".

تەمەل باسی لە تێگەیشتن و نزیکایەتیی "ئازادی بۆ بیروڕای سیاسی" کرد و وتی، ئێمە لە جیاتی ئەو زمانەی سیاسەتە، کە یەکتر بە گژاکردن و پارچەکردن و ناکۆکیی  دروست دەکات ئەو چالاکییە ئەنجام دەدەین و وتیشی، "پێش هەموو شتێک ئەوان بۆ خۆیان بوونەتە قوربانیی  قەدەغەکاریی سیاسی، پارتە سیاسییەکان لە نەریتی ڕای نەتەوەییەوە دروستبوون، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و هەموو پێکهاتەەکانی کۆمەڵگە لە دژی گوشارەکانی سەر هەدەپە و داخستنی، بە عەقڵییەت و تێگەیشتن لە ئازادیی بیر و ڕای سیاسی هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت".

شاندەکەی ئیهەدە لە بینای هەدەپە بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر سکاڵاکەى داواکاری گشتی لە دادگای باڵا بۆ داخستنی هەدەپە، لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ بۆ ٢٣:٠٠ "ئێشکگری بۆ ئازادیی بیروڕای سیاسی" ئەنجام دا.

ژ.ت