وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا لەبارەی تەکنەلۆژیا و کەرەستەى سەربازی، کە بە تورکیا فرۆشراون ئەوە سەلمێنراوە، کە ئەنقەرە بەپێی شەرت و مەرجەکان هەڵسوکەوتی نەکردووە.
مارک گارنۆ وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، ئەو تەکنەلۆژیا و کەرەستە سەربازییانە بە تایبەتی لە قەرەباغ لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا لەلایەن ئازەربایجانەوە بەکارهێنراون.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا راشیگەیاند، ئەوان نەیانزایبوو، کە تەکنەلۆژیاکەیان لە قەرەباغ بەکارهێنراوە و ئەوەشی راگەیاند، ئەوە هەم لە دژی سیاسەتی کەنەدایە و هەم لە دژی گارانتییەکان و ئەو مەرجانەن، کە دەبوایە تورکیا بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازی و چەک پابەندیان ببوایە. ئەوەشیان بە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی دەوڵەتى تورک راگەیاندووە.
مارک گارنۆ وەزیری دەرەوەی کەنەدا ئاماژەى بەوەکرد، بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی فرۆشتنی چەک پێشتر راگیرابوو و ئێستاش بە تەواوەتی فرۆشتنی چەک بە تورکیا هەڵوەشێنراوەتەوە و ئەو بڕیارەش لەسەر ٢٩ گرێبەستی جۆراجۆری فرۆشتنی چەک جێبەجێ کراوە.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوودا لە چوارچێوەی بەرنامەى هاوکاریی ناتۆدا لەبارەی فرۆشتنی چەک بە تورکیا 'یەک بە یەک' لێکۆڵینەوە لەسەر فرۆشتنەکان و چەکەکان دەکرێت.
کەنەدا لە ساڵی ٢٠١٩دا بە بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلار چەک و کەرەستەى سەربازیی بە تورکیا فرۆشتووە و زۆربەى ئەو کەرەستانەش تەکنەلۆژیای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک پێکدەهێنێت. دەوڵەتی تورک ئەو تەکنەلۆژیا سەربازییەى لە لیبیا، قەرەباغ و کوردستان بۆ کۆمەڵکوژییەکان لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە بەکارهێناوە. ساڵی رابردوو راپۆرتێک لەبارەی تاوان و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتى تورک بەو تەکنەلۆژیا و کەرەستە سەربازییانە بڵاوکرایەوە و بەو هۆیەوە حکومەتی کەنەدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا چەک فرۆشتنی بە تورکیا راگرت.
ژ.ت