بە دیمەن

کۆنفرانسی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە

لە ڕۆمای یایتەختی ئیتالیا کۆنفرانسی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری نێونەتەوەی بۆ پرسی کورد' لە رۆژی دووەمیدا بەردەوامە و تێدا سەرنج خرایەسەر گرنگی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ڕۆما

کۆنفرانسەکە لە لایەن گەورەترین کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی ئیتالیا (CGIL) سپۆنسەری کرا. کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی "گۆشەگیری ٢٦ ساڵەی ئیمراڵی" و بە بەڕێوەبردنی پارێزەر جەرەن ئوسال و ئۆگموندور جۆناسۆنەوە بەردەوام بوو.

'سیستەمی ئیمراڵی بە تەواوی تورکیادا بڵاوبووەتەوە'

لە پانێڵی دەستپێکی ئەمڕۆی کۆنفرانسەکەدا، پارێزەر ڕەنگین ئەرگول مافی قسەکردنی وەرگرت و پەیوەست بە مافی هیواوە قسەیکرد. ئەرگول دەستینشانی کرد ئەو شتانەی لەمڕۆدا ڕوودەدەن، هەڵگری پاشخانێکی مێژووین و ئاماژەی بەوەدا ئەوەی لە ئیمراڵییدا ڕوودەدات دەرخەری نزیکایەتی دەوڵەتی تورکە لە بەرانبەر پرسی کورددا و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "دۆخی یاسای تاوانەکانی دووژمنی تێپەڕکردووە. ئەم سیستەمە ئاوارتەیە بە تەواوی تورکیادا بڵاوبووەتەوە و لە ئەستەنبوڵدا نموونەی ئەمەمان بینی. کاتێک باسی ئەم ڕژێمە ئاوارتەیە دەکەین، پێویستە پاشخانی مێژوویش لەبەرچاو بگرین."

لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسای سەدە، فایەق ئۆزگور ئەرۆل کە ئەندامی کۆتا شاندی ئیمراڵی بوو، بیری هێنایەوە لەم دوو مانگەی کۆتاییدا دوو دیداری بنەماڵەی و سێ دیداری دیکەی شاندەکە ئەنجام دراوە و گوتی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادییدا ئەو چالاکییانەی ئەنجام دراون، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامدانی ئەم دیدارانە هەبووە. ئەرۆل باسی لەوەکرد ئەو چالاکییانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا دەکرێن، لە ئیمراڵییدا قسەیان لەسەر دەکرێت و سڵاوی ڕێبەر ئاپۆی گەیاندە هەمووان.

'عەبدوڵا ئۆجالان پێی وایە ستاتۆی سایکس-بیکۆ کۆتایی هاتووە'

ئەرۆل سەرنجی خستەسەر بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و ئەمەی گوت: "ئەم بانگەوازییە شیکارییەکی مێژووی و سۆسۆلۆژیای نوێی هێنایە ئاراوە. پێی وایە لەم سەدساڵەی کۆتاییدا پەیوەندییەکانی کورد-تورک گۆڕاون بۆ نکۆڵی، بەڵام ئەم گۆڕانە نەیتوانییوە خوشک-برایەتی هەزاران ساڵە لە باربەرێت. هەروەها شیکارییەکەی هەرێمی و جیهانی کرد. لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وردبوونەوەیەکی کاریگەری هەیە. بە تایبەت لە هەڵسەنگاندی پەیوەست بە سووریاوە، پێی وایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی بە ستاتۆ هاتووە. دەڵێت کۆتای بە ستاتۆی سایکس-بیکۆ هاتووە. گۆڕانی ئەم ستاتۆیە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر داهاتوومان هەیە و لە ئێستادا تێیدا دەژین."

لە قسەکانیدا ئەرۆل ئاماژەی بەوەدا پێی وایە لەم دیدارانەدا، ڕێبەر ئاپۆ پارادایمەکانی خۆی لەسەر پایەکانی سۆسیالیزمی کۆمیناڵ، دیموکراسی و ئازادی ژن داناوە.

پەروین بوڵدان باسی دیدارەکانی کرد

پانێڵی سێهەم بە ناونیشانی "کاریگەی ڕوانگەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی" ئەنجامدرا. پانێڵەکە لە لایەن هەشتەمین سەرۆکی شارەوانی ڕۆما ئامادیۆ سیاچیێری و کۆنسوێلۆ نونێز لە کۆمیتەی ئیسپانیای هەڵمەتەکەوە بەڕێوەبردرا. ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەڕلەمانتاری دەم پارتی پەروین بوڵدان لە پانێڵەکەدا قسەیکرد. بوڵدان سڵاوی ڕێبەر ئاپۆیی بە هەموو ئەو کەسانە گەیاند کە کاریان لە هەڵمەتەکەدا کردووە. بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کاتێک چوونەوە بۆ بۆ ئیمراڵی باسی ئەم کۆنفرانسە بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و گوتی: "دوای ١٠ ساڵ کۆبوونەوەکانی ئیمراڵی دەستی پێکردەوە و دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا جارێکی دیکە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا کۆببینەوە. وەک شاندی سیاسی سێ چاوپێکەوتنمان ئەنجام داوە."

پەروین بوڵدان دەربارەی یەکەم چاوپێکەوتن ئەم زانیارانەی دەربڕی: "بەڕێز ئۆجالان گوتی ٥٠ ساڵە بە سەرهەڵدانەوە تێپەڕی. ئاشکرای کرد نکۆڵیکردنی زمان و ناسنامەمان، ناچاری تێکۆشانی چەکداری کردین. گوتی ماوەی ٢٥ ساڵە لەسەر ئاشتی وردە دەبێتەوە. دەبێت تێکۆشانی نوێ بۆ ئاشتی و دیموکراسی بەڕێوەببرێت. باسی لەوەکرد ئاشتی و دیموکراسی پێویستی بە تێکۆشانێکی نوێ هەیە. کاتێک باسی ئەمەی کرد ڕاوەستەی لەسەر پێکەوەکارکردنی گەلی کورد و تورک کرد. باسی نزیکایەتی ئەتاتورکی کرد لە بەرانبەر کورد، کە چۆن عیسمەت ئینۆنوی لە تەنیشت خۆیەوە دانا. گوتی دۆخی ئێستا لە یەکێتی ئەتاتورک و عیسمەت ئینۆنو تێناگات و بەم شێوەیە لە بابەتەکە دەڕوانێت. بۆئەوەی هاوپەیمانێتی نێوان تورک-کورد بێتەئاراوە، پێویستە هەموو کەسێک جارێکی دیکە چاو بە پرۆسەکەدا بخشێنێتەوە. گوتی خۆی بۆ ئەمە تەرخان کردووە و لەو باوەڕەدایە جگە لە ئاشتی و کۆتایهێنان بە چەک هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە. بۆ ئەمەش بەڕێز ئۆجالان پرۆسەکانی پێشووی هەڵسەنگاند. گوتی هەرچەندە کۆمەڵگە بۆ پرۆسەکە ئامادە بوو، بەڵام سیاسەت ئامادەی ئەوەی تێدا نەبوو.چونکە بەرەی نەژادپەرستی لەو کاتەدا لە دژی ئەم پرۆسەیە بوو. بەڵام بە دەرکەوتنی دەوڵەت باخچەلی کە سەرۆکی نەژادپەرستییە، پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێکردەوە. هەڵبەتە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی بانگەوازییەک نییە کە خۆبەخۆ کردبێتی، ئەمە گوزارشتە لە بڕیاری دەوڵەتی قوڵ."

لە بەردەوامی قسەکانیدا پەروین بوڵدان باسی لە ئامادەکارییەکانی ڕێبەر ئاپۆ پێش ئەنجامدانی یەکەم دیدار کرد، هەروەها لە درێژەدا باسی لە کۆبوونەوەی دیدارەکانی پەیوەست بە پرۆسەکەوە کرد لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکاندا.

وردەکاری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی

پەروین بوڵدان ئەوەی بیرهێنایەوە لە دوای بانگەوازییە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆوە هیشتا دیدارییان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا نەکردووە و لە درێژەدا ئەمەی گوت: "پێش دوو رۆژ لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغاندا کۆبووینەوە. بەڕێز ئۆجالانیش داوای لێکردبووین کە کۆببینەوە. هەموو کەسێک بیری لەوەدەکردەوە کە بۆچی ئەردۆغان خۆی دووردەگرێ لەم پرۆسەیە. بەم کۆبوونەوە وامان کرد ئیدی هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت سەرۆککۆمار ببنە ناوەندی کارکردن. لەو کۆبوونەوەیەدا بەکورتی زانیاریمان لەسەر هەموو کۆبوونەوەکان دا. لەم ڕووەوە باسی چاوەڕوانییەکانمان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئامادەکاری یاسایی، ئەو هەنگاوانەی پێویستە بنرێن...هتد کرد. بۆئەوەی ئازادی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێندرێت و بتوانێت بەشێوەیەکی ئازاد کاربکات، دەبێت بە خێرایی کارەکان بکرێت."

'ڕێگەی ئاشتی بە هەنگاوی ڕوونەوە تێپەڕ دەبێت'

پەروین ئاماژەی بەوەدا دەبێت هەلومەرجی تەندروستی، ئاسایش، کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕدرێن و گوتی دەبێت بە خێرای هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە بنرێن و دەربارەی ئەو هەوڵدانانەی لە ئارادان ئەمەی گوتی: "ڕێگەی ئاشتی کە بەڕێز ئۆجالان دەسیپێکردووە بە هەنگاونانی ڕوونەوە دێتە ئاراوە."

'دەبێت تێکۆشان گەورەتربکرێت'

پەروین بوڵدان باسی لەوەکرد سەرکەوتنی پرۆسەکە کەوتووەتەسەر هەموو کەسێک و گوتی دەبێت تێکۆشان گەورەتر بکرێت. پەروین بوڵدان دەستنیشانی کرد ڕێبەر ئاپۆ هیوای زۆری بە ژن و گەنجانە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "بەڕێز ئۆجالان لەسەر توندوتیژی، کۆمەڵکووژی و قڕکردن هەڵسەنگاندنی بەرفراوانی کرد. زۆر نیگەرانە لە بەرانبەر کوشتنی منداڵاندا. کوشتنی نارین گوران لە هەردوو دیدارەکەدا باسی لێوەکرا. گوتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەتوانی ڕێگری لە کۆمەڵکووژی ژن و منداڵان بگرێت. دەبێت لە دژی هۆشمەندنی کۆمەڵکووژی ژن و منداڵان تێکۆشان ئەنجام بدرێت. بە کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە دەتوانین ڕێگە لەمە بگیرێت. بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پوختەی ئەم بابەتەیە. بو کورتی هەموومان هیوادارین و هەموومان چاوەڕوانی ئاشتین. لەبەرئەوەی بەڕێز ئۆجالان دەڵێت 'خاوەنی ئەو هێز و ئیرادەیەم ئاشتی بێنمە ئاراوە'. لەگەڵ بەڕێز ئۆجالانداین."

ئیدریس بالوکەن لەبارەی پرۆسەی پێشوو، قسەی کرد

ئەندامی شاندی ئیمراڵی پێشوو، ئیدریس بالوکەن لەبارەی پرۆسەی پێشوو ڕایگەیاند ئەوکات دەسەڵات مێزی دانیشتنی تێکدا و دەرفەتی مێژوویی لەدەستدا، ڕایگەیاند جاری پێشووش بەرلەوەی کۆبوونەوەی فەرمی دەست پێ بکات، سەرەتا دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، گوتی: "ئەگەر بیرتان بێت، کاتێک ئەردۆغان پرۆسەکەی قبووڵ کرد، شاندەکەمان لە ئیمراڵی دیداری ئەنجامدا. بەڕێز ئۆجالان بۆچوونەکانی خۆی لەسەر پرۆسەکە بۆ پارتەکان و ڕای گشتی نارد. پاشان لە ٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ سێ ژنە سیاسەتمەداری کورد لە پاریس شەهیدکران. بەڕێز ئۆجالان ئەو ڕۆژە وتی: "ئەوانەی ساکینەکانیان کوشت، لێرەش منیان کوشت". هەروەها لەسەر بناغەی ئەم کۆمەڵکوژییە، پرۆسەی کۆمەڵکوژی دێرسیم شیکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەشی خستەڕوو کە بەردەوام دەبێت لە پڕۆسەی دیموکراتیک. بۆیە بەرێز ئۆجالان و گەلی کورد هەمیشە لە وێرانکەرترین پرۆسەکانی شەڕیشدا خواستی خۆیان بۆ ئاشتی و جددییەت نیشان داوە".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وەک شاندەکە ئەو هەنگاوانەی دەبوو بنرێن بۆ ڕای گشتی ئاشکرامان کرد، بەڵام هەڵوێستی حکومەت ناڕوون بوو. بالوکەن بەکورتی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی گێڕایەوە، ڕایگەیاند هەنگاوی پێویست لەلایەن حکومەتەوە نەهاوێژرا، بۆیە پرۆسەکە کۆتایی هات.

'ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ بەها گەردوونییەکان، گرنگە"

بالوکەن ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر پرۆسەکە گرت، گوتی: "سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکان، بەڕێز ئۆجالان هەڵوێستی فەلسەفەی سیاسی کە تا ئێستە ڕێبەرایەتی کردووە، دیسانەوە پێشکەشی هەموو گەلانی جیهان کرد، تاوەکو بە سوودی هەموو مرۆڤایەتی بشکێتەوە".

بالوکەن ڕایگەیاند ئازادی بەڕێز ئۆجالان ئازادیی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵکو لەوەش زیاتر، خاوەندارییە لە بەهاکانی ئازادی هەموو مرۆڤایەتی.

پاشان پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان، باسی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەر ئاپۆ مۆزایکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەک دەوڵەمەندییەک بینی.

'شۆڕشی ڕۆژئاوا بە گۆڕانی زیهنیەت دامەزرا'

نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، فۆزا یوسف ڕایگەیاند لە ڕۆژئاوا سەدان ئەکادیمیا هەن، گوتی: "بەم ئەکادیمیایانە ویستمان کاریگەری داگیرکەران نەهێڵین. ویستمان عەقڵ و هزری خۆمان ئازاد بکەین. بۆ ئەوەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بێتەدی، دەبێت سەرەتا فیکر ئازاد بکەین. بەم ئەکادیمیایانە، ویستمان زیهنیەت بگۆڕین. سیستەمی ڕۆژئاوا بەم جۆرە پێکهات".

کۆنفرانسەکە بەردەوامە.