کەنەکە: دەبێت شەنگال چارەنووسی خۆی دیاریبکات، پشتیوانی مەزنتر دەکەین

کەنەکە لە ساڵیادی فەرمانی شەنگال گوتی: "پێویستە خەڵکی شەنگال خۆیان بپارێزن و چارەنووسی خۆیان دیاریبکەن. پێویستە شەنگال ببێتە خاوەنی ستاتۆیەکی خۆسەر". کەنەکە بانگەوازی کرد بۆ مەزنکردنی پشتیوانی.

قڕکردنی شەنگال

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لەسەر شەنگال، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت داعش لە فەرمانەکەدا بوو بە پێشەنگی بیر و هزر و هەستی دژە کورد و دژە کوردستانی وڵات و ناوەندە داگیرکەرەکان، بەم هێرشە ویسترا هەموو دەسکەوتەکانی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببرێت و دیسانەوە کۆڵۆنیاڵیزم بهێننەوە سەر کوردستان، دەەڵێت: "ئەم تراژیدیای جینۆسایدەی سەر خەڵکی ئێزدیمان، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند".

کەنەکە جەخت دەکاتەوە گەریلاکانی هەپەگە و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانی و فیداکارییەکی مەزنیان پیشاندا لە ڕزگارکردنی گەلی شەنگال، دەڵێت: "بە سەفەربەری و هاوکاری هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان داعش وەستێنرا، شەنگال و شوێنەکانی دیکەی کوردستان لە داعش ڕزگارکرا".

 کەنەکە ڕایدەگەیەنێت هەرچەند شەنگال لە داعش پاککراوەتەوە و بەشێک لە خەڵکی شەنگال گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان نادیارە و ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان هێشتاش لە کەمپەکان ماونەتەوە، دەڵێت: "دەبێت ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ شەنگال بکرێتەوە، پێویستە لەئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی کاربکرێت بۆ باشکردنی ژیانیان".

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت هێزەکانی حکومەتی عێراق و هێزەکانی پەدەکە کە بەرپرسیاربوون لە پاراستنی شەنگال، لەکاتی فەرمانەکەدا شەنگالیان نەپاراست و بوونە هۆی کارەساتێکی مەزن لەسەر گەلی ئێزدی، دەڵێت: "ئەو هێزانەی شنگال و گەلی شنگالیان ڕادەستی داعش کرد، بێ ئەوەی لێپرسینەوەی ئەو کارەیان لێبکرێت و حسابی ئەو کارە بدەن، ئێستا پیلان لەسەر شنگال بەڕێوەدەبەن. ئیدارەی باشووری بەشی پەدەکە و حکومەتی بەغدا، پێش ٤ ساڵ لە ٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەبێ ئەوەی پرس بە گەلی شەنگال بکەن، ڕێککەوتنێکیان کرد، دەیانەوێت دیسانەوە شەنگال و گەلی شەنگال بێ پاراستن و ئیرادە بهێڵنەوە. ئەوە جێگەی سەرنجە، دەوڵەتی تورک لە هەمووان زیاتر بەم ڕێککەوتنە کەیفخۆش بوو. وەک چۆن لە داگیرکردنی شەنگالدا دەوڵەتی تورک هاوکاری داعشی کرد، لە ڕێککەوتنی ٩ ی تشرینی یەکەمیش دەوڵەتی تورک دەستی هەبوو. گەلی شەنگال و هێزەکانی پاراستنی شەنگال ئەم ڕێککەوتنە قبووڵ ناکەن و دژی دەوەستن. پێویستە ئیرادەی گەلی شەنگال بەبنەما بگیرێت و پیلانی جیاوازیان بەسەردا نەسەپێنرێت. گەلی شەنگال بەهۆی ناسنامەی ئێزدییانەوە، چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە بوونەتەوە. ئەمەش ڕاستییەک دەردەخات، پێویستە شەنگالیەکان هەم خۆیان بپارێزن و هەم خۆیان بەڕێوەببەن. بۆیە دەبێت لە ناو کوردستاندا، شەنگال وەک خاوەن ستاتۆیەکی تایبەت و خۆسەر قبووڵ بکرێت".

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت برین و زامی ئەم کۆمەڵکوژی و کارەساتە بە یەکگرتنی مەزنی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد و کوردستانیان دێتەدی.

کەنەکە هیواخوازە ئەم یادە ببێتە مایەی هاوپەیمانیی نێوان کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان.