کەنەکە: نابێت عێراق بچێتە سەر هێڵی تورکیا

کەنەکە دەربارەی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە، بانگەواز لە حکومەتی عێراق دەکات ملکەچی پلانەکانی دەوڵەتی تورک نەبێت و ببێتە نموونەی چارەسەر لە ناوچەکەدا.

دەوڵەتی تورک لەڕێگەی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و بەرپرسانی پەدەکە، دەیەوێت عێراق تێوەبگلێنێت لە شەڕکردن بەرامبەر تەڤگەری ئازادی کوردستان، بەم بۆنەیەوە کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە، بانگەواز لە دەوڵەتی عێراق دەکات شوێنی پیلانەکانی دەوڵەتی تورک نەکەوێت، هەروەها داوا لە پەدەکە دەکات هاوکاری دەوڵەتی تورک و سیاسەتی قڕکردنی کورد نەکەن.  

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی هەموو کوردێکە و سەدەیەکە ئەم سیاسەتەی کۆماری تورکیا نەگۆڕاوە و دەڵێت: "لە سەردان و دیدارەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکاتە شەریک لەم سیاسەتە خوێناوی و خراپە. هەرچۆنێک ناوی لێ بنێن، هەر ئەو راستییەیە کە حکومەتی تورکیا لەگەڵ گەلی کورد لە شەڕدایە . دەیەوێت حکومەتی عێراق بهێنێتە ناو ئەم شەڕە و دژی گەلی کورد بجەنگێت".

کەنەکە ئاماژە بەوە دەکات عێراق پاش ئەزموونی چەندین ساڵە لە شەڕی کورد دەزانێت ئەم شەڕانە تەنها بە زیان دەشکێتەوە بۆ هەمووان، دەڵێت: "هەموو ئەو ڕژێمانە شکستیان هێنا و عێراقیش شکست و گەندەڵ بوو. ڕژێمی ئەردۆغان وەک ڕژێمی سەدامی لێهاتووە. بیست ساڵ لەمەوبەر عێراقێکی نوێ دروست بوو و دەستورێکی دیموکراسی بۆ خۆی دروست کرد. بە پێی ئەم دەستوورە کێشەی کورد بە شێوەیەکی فیدراڵی چارەسەر کراوە. عێراق زۆر باش دەزانێت کە دوژمنایەتی کورد ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دێنێت. بە پێچەوانەوە دۆستایەتی کورد، دیموکراسی و پێشکەوتن و و گەشەپێدان دەهێنێت. هەوڵدانی دەوڵەتی تورکیادا ئەوەیە کە دەیەوێت عێراق تووشی شەڕێکی نوێ ببێت. پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق زۆر وریا بن لەم بابەتەدا و مل بۆ داخوازییەکانی دەوڵەتی تورکیا نەدەن.

بە گوتەی حکومەتی تورکیا، تەڤگەری ئازادیی کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و پێویستە لەناوببرێت. بەداخەوە لە کۆبوونەوەی دوێنێ (14.03.2024) لە بەغدا، لە خاڵی پێنجەمدا، ئەم تەوەرە بە پێی خواستی دەوڵەتی تورکیا نووسراوە. ئەمە تەڵەیە بۆ عێراق و نابێت عێراق بکەوێتە ئەو تەڵەیەوە. کورد و بزووتنەوە کوردییەکان نە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق. نە هەڕەشەن بۆ سەر هیچ لایەنێکی دیکە. مەترسییە گەورەکە لە دەوڵەتی تورکیاوە دێت. سوپای تورکیا ڕۆژانە خاکی عێراق وێران دەکات و ئیکۆلۆژیای عێراق خاپوور دەکات و هاووڵاتیانی عێراق دەکوژێت. سوپای تورکیا بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیرکردووە و ٨٧ بنکەی سەربازی لە خاکی عێراقدا دروستکردووە و دەیان هەزار سەربازی لەو ناوچانە جێگیرکردووە. خەون و تەماعەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشووری کوردستان (باکوری عێراق) ئاشکران. دەڵێن پارێزگای موسڵ (هەموو باشووری کوردستان) بەشێکە لە تورکیا. دەوڵەتی تورک تا ئێستا لە هەرشوێنێکی داگیرکردبێت بە زۆریش بێت لێی نەچۆتە  دەرەوە. ئەگەر هەڵوێستێکی جدی نەبێت لە خاکی عێراقیش دەرناچێت. لە هەمان کاتدا درێژە بە هەڕەشە و پیلانگێڕییەکانی دیکەی دەدات. ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات وەک چەکێک دژ بە عێراق بەکاردەهێنرێت و کارەساتی ئابووری و ئیکۆلۆژی لێدەکەوێتەوە".

کەنەکە داوا دەکات عێراق هاوکاری بەدنیازییەکانی دەوڵەتی تورک نەکات، عێراق بەراورد بە تورکیا و سوریا و ئێران، چارەسەرێکی پێشکەوتووی بۆ پرسی کورد دۆزیوەتەوە، دەڵێت: "عێراق نابێت بچێتە سەر خەتی تورکیا، پێویستە تورکیا بێنێتە سەر خەتی خۆی. عێراق دەتوانێ لە ناوچەکەدا نموونەیەکی باش بێت و ئەم نموونەیەش لە هەموو گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەکدا ئەولەویەتی پێدەدرا. ئەگەر تورکیا بێتە سەر خەتی عێراق و عێراقیش نموونەی خۆی پەرەپێبدا، شەڕ و مەترسیش دروست نابێت".

کەنەکە باس لە بەشداری بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە کۆبوونەوەکە، ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی تورک دۆستی هیچ کوردێک نییە و دەڵێت: "ئەردۆغان و زۆرێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە " ئەهەڵەیەی لە باکووری عێراق کردمان، لە باکووری سووریا دووبارەی ناکەینەوە". پێویستە هەموو کوردێک لە مانای ئەم قسەیە تێبگات. سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە لە ئەنجامدا دەستکەوتەکانی باشوور لەناو بچن. بەداخەوە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە بەڕێوەبەرانی حکومەتی هەرێم نایانەوێت ئەم واقیعە ببینن. ئەم ڕاستییە پێویستە هەموو کوردێک بیبینێت و هەموو کوردستانیان پێکەوە دژی ئەم پیلانانەی دەوڵەتی تورک بوەستن".

کەنەکە بە چەند خاڵێک بانگەواز لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت:

"1. نیازی خراپی دەوڵەتی تورک ببینن، بەرامبەر ئەم مەبەستە خراپ و خۆپەرستە بوەستن، بەشداری سیاسەتی خوێناوی ئەوان مەبن.

2. پێویستە لەدژی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک لە عێراق بن و کار بۆ دەرکردنی بنکە سەربازییەکان و کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا بکەن.

3. هەروەک چۆن عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کوردەکان لەناو خۆیدا، پێویستە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە وڵاتانی دیکەشدا بخاتە گەڕو بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردەکانی دیکەشدا بەشداری بکات.

4. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاری دەوڵەتی تورکیا نەکەن و دژایەتی پیلان و سیاسەتی قڕکەرانەی ئەوان بکەن".