کەنەکە: پێویستە هەموو کەسێک لە دژی داگیرکارییەکان پارێزگاری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکات

کەنەکە بە بۆنەی ١٢هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ڕۆژئاوا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە دوای لە هەموو کەسێک کرد پارێزگاری لە بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی ١٢هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات لە ١٩ی  تەمموزی ٢٠١٢دا لە کۆبانێیەوە دەنگی خۆسەری بەرزبوویەوە، ڕووناکی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەرکەوت و ڕۆژ بە ڕۆژ گەشتر دەبێتەوە و دەڵێت: "لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆی سوریادا، کورد و کوردستانیان هێزیی خۆیان یەکخست بۆ ڕێکخستن و بەهێزکردنی خۆیان لە کەمترین کاتدا لە کۆبانێ تا دێرک چەندین شار و گوندییان خرانە ژێر ئاسایشی خۆیانەوە."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کراوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و هاتووە: "دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی ژێر دەسەڵات و ئاسایشی بەڕێوەبەری  خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین تەکنۆلۆژیای سەربازی و هەواڵگریی تر کۆمەڵکوژییەکی ترسناک ئەنجام دەدەن. ژیانی خەڵکی مەدەنیش بۆتە دۆزەخ. وێڕای  بێباکی لە دەوڵەتی تورک، بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەهێزییەوە بەردەوامە و هەموو داینامیکی و میکانیزمەکانی ئیدارەی خۆسەر بە شانازییەوە بۆ سەلامەتی خەڵکی ناوچەکە تێکۆشانێکی سەربەزانە بەڕێوەدەبەن."

لە کۆتاییدا کەنەکە ١٢ ساڵەی دامەزراندی خۆسەری لە هەموو کورد و کورستانیان پیرۆز دەکات و بانگەوازی کرد و دەڵێت: "وەک کەنەکە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دکەین بۆ پاراستن و زیندوڕاگرتنی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە بەرامبەر هەموو هێرش و جوڵەی داگیرکارییدا لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوادابن."