کەنەکە: شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ عێراق ئەو هەموو دەستدرێژییەی تورکیا قبووڵ دەکات

کەنەکە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق بانگەوازێکی بڵاو کردەوە و گوتی: "پێویستە سنوورێک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک دابنرێت".

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگی حکومەتی هەرێم و بەغدا بانگەوازێکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی فیدراڵی عێراق کرد.

کەنەکە دەڵێت: "ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی دەستکەوت و پێگەی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە لە مانگی ئازارەوە ڕێککەوتنەکانی نێوان ئەردۆغان و سوودانی ئەنجامدراون، بەڵام ئێمە و زۆربەی عێراقییەکانیش نیگەرانن لە ئایندەی عێراق. لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا لە مانگی ئازارەوە بە درێژایی ٤٥ کم هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمە جگە لەوەی کە بەزاندنی سنوور و سەروەری وڵاتێکی دراوسێیە، پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە".

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت حکومەت و دەوڵەتی عێراق بەرپرسی یەکەمن لە پاراستنی سنووری عێراق، دەڵێت: "ئەگەر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی عێراق هەژمار دەکرێن، ئەوا شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ عێراق ئەو هەموو دەستدرێژییەی تورکیا قبووڵ دەکات، هیچ وڵاتێک لە دنیادا نییە وەک عێراق لەسەر کوشتنی، هاوڵاتییانی خۆی ئاوا بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت.

بەداخەوە عێراق کەوتووەتە ناو پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە و دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە جووڵەدایە، لە لایەکەوە بەپێی خواست و ویستی تورکیا و بە بێ ئاگاداری و بڕیاری پەرلەمانی عێراق پەیماننامەیەکی ناهاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتێک واژۆ دەکات کە بەشێکی خاکەکەی داگیرکردووە و ڕێگاشی بەو داگیرکردن و بنکە سەربازیی و سیخوڕییانە داوە، لە لایەکی ترەوە پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، کە بە پێی دەستووری عێراق موڵەتی کارکردنیان هەیە، قەدەغە دەکات، هەروەها چاوپۆشی لەو هەموو دەستدرێژیی و سنوور بەزاندنانەی تورکیا دەکات".

هەروەها دەڵێت: "ئەمانە هەمووی گومانی ئەوە درووست دەکەن کە حکومەتی عێراقیش بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەردۆغان دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان لە هاوکاری ستراتیژیدان، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی عێراق قبووڵ ناکەین، دەنگ و پەیامی ناڕەزایەتی دەگەیەنینە دەزگا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕای فەرمی و گشتیی جیهانیی.

لەبەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و پەرلەمانی فیدراڵی عێراق و لایەنە ئێراقییەکان بێدەنگن، دەوڵەتی تورکیا ئەم بێدەنگییە بە ڕەزامەندی لێکدەداتەوە و هێرشەکان بەرەو ئاستێکی نوێ دەبات، تا ئێستا نە حکومەتی فیدراڵی عێراق و نە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی جدییان بەرامبەر بەو هێرشانە نەگرتووە، پێویستە سنوورێک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک دابنرێت کە بە ئامانجی داگیرکردن و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد و خەڵکی، هەرێمەکە ئەو ناوچانەی داگیرکردووە".

لە کۆتاییشدا دەڵێت: "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و کۆمکاری عەرەبی دەکەین، دەستبەجێ سنوورێک بۆ دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنێن و فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕێککەوتنە".