کەنەکە: سەرهەڵدانی ١٢ ی ئادار بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای دامەزراند

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە بەبۆنەی ٢٠ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی و سەرهەڵدانی قامیشلۆ ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سەرهەڵدانی ١٢ ی ئادار بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای دامەزراند".

٢٠ ساڵ پێش ئێستە لە ١٢ ی ئاداری ٢٠٠٤ لە قامیشلۆ لە یاریگای تۆپی پێ هێرشێک ئەنجامدرا. پاش هێرشەکە پێکدادان ڕوویدا و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران. گەلی قامیشلۆ دژی هێرشەکان ڕژایە شەقامەکان و ڕێپێوان و چالاکی ئەنجامدا، پاشان بە چەند شارێکی تردا بڵاوبوویەوە. سەرهەڵدانەکە چەند مانگێکی خایاند. کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەبۆنەی ٢٠ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی و سەرهەڵدانی قامیشلۆ ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت سەرهەڵدانی ١٢ ی ئاداری ٢٠٠٤ بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای دامەزراند و دەڵێت: "سەرهەڵدانی ١٢ ی ئادار بناغەیەکی بەهێزی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا دانا. بەم بۆنەیەوە هەموو شەهیدانی سەرهەڵدانەکە بەڕێزەوە بیردەهێنینەوە".

هەروەها دووپاتی کردەوە سەرهەڵدانی ١٢ ی ئادار واتایەکی ڕاستەقینەی شۆڕشی دیاریکرد و گوتی: "ئەم سەرهەڵدانە میراتێکی مێژووییە و ناونیشانێکی گرنگە کە تێکۆشانی دەیان ساڵە بۆ دیموکراسی دژی چەوساندنەوە و کوشتن و زۆرداری ڕژێمی بەعس ڕاڤە دەکات.

ئێمە وەک کەنەکە شەهیدانی ١٢ ی ئادار و هەموو شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەڕێزەوە بیردەهێنینەوە و دەڵێین، بە هەموو پێداگری و دەرفەتی خۆمانەوە پشتیوانی داخوازییەکانی گەلەکەمان دەکەین. بانگەواز لە هەموو هێز و پێکهاتە جڤاکییە وڵاتپارێز و دیموکراتیکەکان دەکەین بە هەموو هێزی خۆیانەوە پشتگیری شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن. سەرکەوتن بۆ گەلەکەمانە".