کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی ئەوروپا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی بەغدا

کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی ئەوروپا بە ڕاگەیاندراوێک ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی بەغدا دەربارەی قەدەغەکردنی پادێ و گوتی: "ڕەنگە بتوانن بە فەرمی پادێ قەدەغە بکەن، بەڵام جڤاکی ئێزدی ئازادیخواز مۆدێلی جڤاکی دیموکراتیک دەپارێزێت".

کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی ئەوروپا دەربارەی بڕیاری دادگای عێراق بۆ داخستنی پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزیدیان (پادێ) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەم بڕیارە ڕێکەوت نییە، بەڵکو سیاسەتێکی قڕکردنی سیستەماتیکە.

دووپاتی دەکاتەوە بێ هۆ نییە ئەم بڕیارە لە دەهەمین ساڵیادی قڕکردن دراوە، دەڵێت: "پەیامەکە ئاشکرا و بەرچاوە، ئەو زیهنیەتەی مافی ژیان نادات بەو ئێزدییانەی خاوەنداری لە ئیرادە و داوای ستاتۆی سیاسی دەکەن، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکە داناوە".

جەختکراوەتەوە تێکۆشان دژی ئەم زیهنیەتە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "پێویستە باش بزانین، تا بە ئیرادەی خۆمان، بە یەکگرتوویی خۆبەڕێوەبەریی خۆمان، ئازادی و ئاسایشی خۆمان نەخەینە دەستی خۆمان و هێزی ڕێکخستنی خۆمان مسۆگەر نەکەین، ئەوا ئامرازەکانی دەسەڵاتی هەژموونگەرای هاوچەرخ لە هەرێمەکە، ماف بە ئێمە نادات".

دووپاتکراوەتەوە زیهنیەتی قەدەغە ناتوانێت بەرامبەر داخوازی ئازادیی جڤاکی ئێزدی بوەستێتەوە و داوای ستاتۆ ئاستەنگ بکات.

لەکۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێزدییەکان خاوەنی هێز و ئیرادەی ڕێکخراون و خاوەنداری لە ئیرادەیان دەکەن، دەڵێت: "ڕەنگە بتوانن بە فەرمی پادێ قەدەغە بکەن، بەڵام جڤاکی ئێزدی ئازادیخواز مۆدێلی جڤاکی دیموکراتیک دەپارێزێت. درێژە بە تێکۆشانی پێداگرانەی دەدات".