لەپێناو چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد، ٧٨ کەسایەتی کە لە رۆژنامەوانان، رۆشنبیران و سیاسەتمەداران پێکهاتوون لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە و نەخشەرێگەی 'بانگەوازی ئاشتی'ییان بڵاوکردەوە. لە نەخشەرێگەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو ئەقڵیەت و مامەڵانەی بوونەتە هۆی سیاسەتی بێ چارەسەری هێشتنەوەی پرسی کورد، هەم لە تورکیا و هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە سەرچاوەی قەیران و ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە بەردەنگی چارەسەری کێشەکە رێبەری گەلی عەبدوڵا ئۆجالانە. لە نەخشەرێگەکەدا داواکرا کە گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێبهێندرێت.
یەک لەوانەی نەخشەرێگەکەی واژۆکردووە، بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ ئاکن بیرداڵ و سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی کرێکاری (ئەهەپە) هاکان ئۆزتورک سەبارەت بە نەخشەرێگەی 'بانگەوازی ئاشتی' و لێکەوتەکانی سیاسەتی گۆشەگیری قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'سەد ساڵەی تورکیا، سەدەیەکی پڕ لە تاوانکارییە'
ئاکن بیرداڵ ئەوەی خستەڕوو کە نەخشەرێگەکە هەوڵدانێکی هاوبەشە و ئامانجەکەی بریتییە لەوەی، سەرنجی رای گشتیی بۆ سەر شەڕەکان لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابکێشێت.
بیرداڵ رایگەیاند، کە سەدساڵی دووەمی کۆمار بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری دەرفەتە و سەبارەت بە نەخشەرێگەکە ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد، "ئەوە هەوڵی هاوبەشی هاوڕێیانمانە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکەمان لە ناو بازنە و پشتێنەیەکی ئاگردایە. سەرچاوەی زۆر قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوری سیاسەتەکانی شەڕی دەسەڵاتدارییە. ئێمە پێدەنێینە سەد ساڵێکی نوێی کۆمار. لە رێگەی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری دەرگاکانی دیموکراسی و ئاشتی و دەکرێنەوە. سەدساڵەی تورکیا سەد ساڵێکی پڕ لە تاوانکارییە. بانگەوازەکەمان بۆ دەرفەت بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەڕەخسێنێت. هەوڵێکی دیکەشمان هەیە و لە ماوەکانی داهاتوودا ئاشکرای دەکەین".
بیرداڵ باسی لەوەکرد کە لێکەوتەکانی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دژوارتر دەبن و وتی، "ئەگەر بۆ ئاشتیی، دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی کۆنەبینەوە، بە بڕوای من تورکیا دەگۆڕدرێت بۆ گۆشەگیری. کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان، کۆتاییهێنانە بە گۆشەگیری لە تورکیا. دەبێت هەموان باش لەوە تێبگەن و بەو هەستیاریەوە بجوڵێنەوە".
'دەبێت لە تورکیا ئاشتی بچەسپێندرێت'
سەرۆکی گشتیی ئەهەپە هاکان ئۆزتورک سەرنجی راکێشا بۆ سەر لێدوانەکانی سەرۆککۆماری تورک تەیب ئەردۆغان لەبارەی شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین و وتی، "دۆخی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەر چاوە. ئەردۆغان سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بانگەوازی بۆ میانڕەوی و دانبەخۆداگرتن دەکات. ئەمە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ وڵاتەکەشمان راستە. لە وڵاتەکەشمان باس لە کێشە دەکرێت. پرسی ناسنامەی گەلی کورد لەئارادایە، لەبارەی زمانەوە داواکارییان هەیە و ئەوە دەخەنەڕوو".
ئۆزتورک باسی لە سیاسەتەکانی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و لەوبارەوە بەم جۆرە دووا: "دەزانم کە ئەو کەسانەی لە تورکیا لە زینداندان کێشەی زۆریان هەیە. دەبێت لە تورکیا هەلومەرجی گۆشەگیری بگۆڕدرێت و ئاشتی بچەسپێندرێت".