بە دیمەن

کوردستانیان دژی گۆشەگیری ئیمراڵی و داگیرکاری لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە

کوردستانیان دژی گۆشەگیری ئیمراڵی و داگیرکاری لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە.

شەرمەزارکردنی گۆشەگیری و داگیرکاری

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دانیشتن دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ڕۆژی دووشەممەوە لە دەیان ناوەندی ئەوروپا دەستی پێ کردووە، لە شاری ژنێڤی سویسرا بەردەوام بوو.

لە چالاکی دانیشتن لە شاری بێرن، کوردستانیان دۆسیەیان دەربارەی گۆشەگیری و هێڕشە داگیرکارییەکانی سەر باشووری کوردستان ڕادەستی پەرلەمانی فیدراڵی سویسرا کردبوو.

کوردستانیان لە ژنێڤی سویسرا، پاش گردبوونەوەکە دۆسیەیان ڕادەستی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسرا (جەدەکە-سە) و یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) ئەنجامدرا. سیاسەتمەدارانی کورد و کوردستانیان بەشداری چالاکییەکە بوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی ژنێڤ، ئیبراهیم یوکسەل رایگەیاند لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن و ڕۆژی دووشەممە دژی ئەشکەنجەی گۆشەگیری و بە داخوازی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دەیان شار چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن.

لەسەر ناوی یەژەکە-سە گەوهەر ئاڵتورک ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، گوتی: "هێزە ئیمپریالیستەکان بۆ دیزاینکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدڵی خۆیان، ڕێبەرێتیمانیان ڕادەستی دەوڵەتی فاشیستی تورک کرد. بەڵام ڕێبەرێتیمان بە پارادایمەکەی کە بە پێشبینی کردنی ئەم سیاسەتانە ئافراندی، ئەم سیاسەتانەی پووچەڵ کردەوە. بەهۆی ئەم شکستەوە و وەک درێژەی پیلانگێڕیی پێش ٢٥ ساڵ، ئەمڕۆ سیاسەتی گۆشەگیریی نامرۆڤانە و نایاسایی بەکاردەبەن".

"بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو جێیەک بەرخۆدان دەکەین"

هاوسەرۆکی جەدەکە-سە جەمال ئۆزەمیر تیشکی خستەسەر هاوکاری پەدەکە بۆ داگیرکەران و بانگەوازی لە پەدەکە کرد: "دەست لەم خیانەتە مێژووییە هەڵگرە، دەست لە خزمەتکردنی دەوڵەتی تورک هەڵگرە".

هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە موسا فارسئۆغلو ڕایگەیاند بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو جێیەک تێدەکۆشن، هەروەها هێرشی داگیرکاری و خیانەتی بنەماڵەی بارزانی شەرمەزار کرد، بانگەوازی لە هەمووان کرد بۆ یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد تێبکۆشن.

پاشان دۆسیەکان لەلایەن شاندێکەوە ڕادەستی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.