بە دیمەن

کوردستانیان لە لۆزان بانگەوازیان کرد: قبووڵمان نەکرد، وە قبووڵی ناکەین

کوردستانیان لە ١٠١ هەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان کۆبوونەوە و پەیامیاندا: "ئەم نکۆڵییە ١٠٠ ساڵیەمان قبووڵ نەکرد، وە قبووڵی ناکەین". دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بانگەوازیان کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.

پەیماننامەی لۆزان

لە شاری لۆزانی سویسرا، ١٠١ هەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان بە ڕێپێوان و گردبوونەوە شەرمەزارکرا. کوردستانیان بە پێشەنگایەتی ٣٦ پێکهاتەی سیاسی لەنێویاندا یەنەکە و بزووتنەوەی گۆڕان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و کەجەدەکە-ئە و تەژەکە-ئە و پەیەدە و پیک لە گۆڕەپانی پیۆنێرێرس کۆبوونەوە تا گۆڕەپانی چاتیاو دێ ئۆچی ڕێپێوانیان کرد کە پەیاماننامەکەی تێدا تاوتوێ کرا. بەشێک لە رێکخراو و دامەزراوە سویسرییەکان و دۆستانی کورد پشتگیری چالاکییەکە بوون.

زوبەیدە زومروت: قبووڵمان نەکرد، وە قبووڵی ناکەین

پاش خولەکێک ڕێزگرتن هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە زوبەیدە زومڕوت تیشکی خستەسەر تراژیدیاکانی پەیماننامەی لۆزان لەسەر گەلی کورد، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکانی ئێستەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بناغەکەی بۆ پەیماننامەی لۆزان دەگەڕێتەوە، گوتی: "بەرپرسیاری هەر کۆمەڵکوژی و تاوانێک کە ١٠٠ ساڵە لە کوردستان دەقەومێت، ئەوانەن کە پەیماننامەکەیان واژۆکردووە. گۆشەگیری ئیمراڵی و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاواش بەرئەنجامی ئەم پەیماننامەیەن. بە تێکۆشان ئەم پەیماننامەیە تێکدەشکێنین. ئەم پەیماننامەیەمان قبووڵ نەکرد، وەک قبووڵی ناکەین".

ڕیل: پێویستە جڤاکی نێونەتەوەیی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت

پەرلەمانتاری سویسری، لۆرانس فێلمان ڕیل ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ لە قەرەباغ و ڕۆژئاوا و باشوور و باکووری کوردستان دژی گەلان شەڕ دەکات، ئاماژەی بەوە کرد هەر کەس واژۆی لەژێر پەیماننامەی لۆزان کردووە، بەرپرسیارە لەم تراژیدیایانە و پێویستە جڤاکی نێونەتەوەیی دژی تورکیا هەڵوێست وەربگرێت.

"گۆشەگیری قبووڵ ناکرێت"

ڕیل تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "ئەم هەلومەرجەی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان قبووڵ ناکرێت. پێویستە ئەم هەلومەرجانە وەک ئەشکەنجە سەیر بکرێن. لەم دواییانە، ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ بە ڕاگەیاندراوێک داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد. ئەوانیش گوتیان چارەسەر بە ئاشتی و دیالۆگ دێتەدی. پێویستە جڤاکی نێونەتەوەیی لەم ئاستەدا بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات".

"لەگەڵ تێکۆشانی ئێوەین"

پاشان ئەندامی مەجلیسی شارەوانی لۆزان دەیڤید پایۆت و بزووتنەوەی ژنانی سویسرا ماریۆن نۆڤێت قسەیان کرد، تیشکیان خستەسەر کارەساتەکانی لۆزان و پشتگیری خۆیان بۆ تێکۆشانی ئازادی دەربڕی.

فواد عومەر: کۆتایی بەم شەرمەزارییە سەد ساڵییە بهێنن

پاشان لەسەر ناوی پەیەدە فواد عومەر گوتی: "ئێمە لۆزانمان قبووڵ نەکرد، وە قبووڵی ناکەین". تیشکی خستەسەر بەرپرسیاری هێزە نێونەتەوەییەکان لە شەڕ و کۆمەڵکوژی سەر کوردان و گوتی: "کۆتایی بەم شەرمەزارییە سەد ساڵییەتان بهێنن".

پاشان هەزاران کوردستانی بەرەو گۆڕەپانی چاتیاو دێ ئۆچی ڕێپێوانیان کرد کە پەیاماننامەکەی تێدا تاوتوێ کرا. لەوێ گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

ئایدار: ئەو سنوورانە دەسڕینەوە کە بۆ ئێمە کێشراون

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، زوبەیر ئایدار ڕایگەیاند کەجەکە بۆ چوار پارچەی کوردستان تێدەکۆشێت، گوتی: " ئەو سنوورانە دەسڕینەوە کە بۆ ئێمە کێشراون، پەیماننامەی لۆزان قبووڵ ناکەین. تا سڕینەوەی ئەم سنوورە کێشراوانە، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".

هەروەها ئایدار تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و داوای کرد هەمووان خاوەنداری لە هەڵمەتی ئازادی بکەن، هەروەها تیشکی خستەسەر هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، گوتی: "شەڕڤانەکانی ئازادیمان بەرخۆدانێکی مەزن دەکەن، گەریلاکانمان تەواوی کوردستان دەپارێزن. تەواوی کوردستان لەژێر مەترسیدایە. بۆیە دەبێت ئێمە لەپاڵ شەڕڤانە قارەمانەکانمان بوەستین کە بەرخۆدان دەکەن، وە پشتگیری لە بەرخۆدانەکەیان بکەین".

"تێکۆشانی هاوبەش دژی داگیرکاری ئەنجام بدەین"

بەناوی چەندین پێکهاتەی سیاسی لەوانە نوێنەرانی یەنەکە و بزووتنەوەی گۆڕان قسە کرا. قسەکەران دووپاتیان کردەوە پەیماننامەی لۆزان قبووڵ ناکەن و بانگەوازیان لە هەمووان کرد، دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک تێکۆشانی هاوبەش ئەنجام بدەن".

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.