کوشتنی نارین گوران: داوانامەکە پەسەندکرا

ئەو داوانامەیەی دەربارەی کوشتنی نارین گورانی ٨ ساڵ ئامادەکرابوو، پەسەند کرا.

نارین گورانی ٨ ساڵ لە ٢١ ی ئاب لە گوندی چولیەی سەر بە ناوچەی ڕێزانی ئامەد بێسەروشوێن بوو، پاش ١٩ ڕۆژ لە ٨ ی ئەیلول تەرمەکەی دۆزرایەوە. ئەو داوانامەیەی دەربارەی کوشتنی نارین گوران ئامادەکرابوو، پەسەند کرا.

داوانامەکە دەربارەی مامی نارین گوران، سالم گوران، دایکی وی، یوکسەل گوران، براکەی وی، ئەنەس گوران، دراوسێکەیان نەوزاد بەختیار ئامادەکرا. داواکاریی گشتی داوانامەکەی نارد بۆ دادوەر و هەشتەمین دادگای سزای قورسی ئامەد داوانامەکەی پەسەند کرد.

لە داوانامەکەدا داوای زیندانیکردنی هەر چوار تۆمەتبارەکە کراوە بە تاوانی "ئەنجامدانی کوشتنی ئەنقەست و هاوبەش بەرامبەر مناڵ".

هەر چوار تۆمەتبارەکە لە ٧ ی تشرینی دووەم دێنە بەردەم دادوەر.