کوشتنی ژینا ئەمینی لە ستۆکهۆڵم ئیدانەکرا

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید خۆپیشاندانێک بۆ ژینا ئەمینی ڕێکخرا، کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە کوژرا.

دوێنێ کاتژمێر ١٧:٠٠، چەندین ڕێکخراو و دامەزراوە و دەزگای کوردی لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید چالاکییەکیان بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی، کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە کوژرا و بۆ پشتگیریکردنیش لە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبرد.

هەزاران کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سێرگێلس تۆرگیت کۆبوونەوە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "دەوڵەتی بکوژ" وترانەوە.

چالاکوانان بە ئامانجی ئیدانەکردن قژیان بڕی و هەندێکیان لەچکی خۆیان فڕێدایە سەر زەوی و سوتاندیان.

هەروەها لە وتەکاندا داوای یەکڕیزیی کوردان کرا.

هەروەها گۆرانیی شۆڕشگێڕیش ڕەنگ و دەنگی چالاکییەکە دا.

ژ.ت