لە ١٠٠هەمین ساڵیادی رێککەوتنی لۆزان دا کۆنفرانسی کورد لە لۆزان بەڕێوەدەچێت
ڕێککەوتنی لۆزان، کە کوردستانی بەسەر چوار پارچەدا دابەشکرد، لە ١٠٠هەمین ساڵی خۆیدایە و بە بۆنەیەوە کورد لە شاری لۆزان کۆنفرانسێک سازدەکات.
ڕێککەوتنی لۆزان، کە کوردستانی بەسەر چوار پارچەدا دابەشکرد، لە ١٠٠هەمین ساڵی خۆیدایە و بە بۆنەیەوە کورد لە شاری لۆزان کۆنفرانسێک سازدەکات.
٩٩ ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی لۆزاندا تێدەپەڕێت، کە لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣دا لە شاری لۆزانی سویسرا بەسترا و کوردستانی بە فەرمی بەسەر چوار پارچە و چوار وڵاتدا دابەش کرد. وەک هەموو ساڵێک کورد لەمساڵدا و لە مێژووی ڕێککەوتنی لۆزاندا ڕێپێوان و گردبونەوە ئەنجام دەدات.
کورد لە ٢٤ی تەمووزدا لە شاری لۆزان و لەو هۆڵەدا، کە رێککەوتنی لۆزانی تیادا بەستراوە، کۆنفرانسی نەتەوەیی ساز دەکات. بەپێی زانیارییەکان لە ئەحمەد کاراموس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە)ەوە، کۆنفرانسێکی یەک ڕۆژە بەڕێوەدەچێت و چەندین پێکهاتەی سیاسی و دامەزراوەیی و کەسایەتی و تاکەکەس لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداریی تیادا دەکەن.
کۆنفراسەکە لەلایەن کەنەکەوە بەڕێوەدەبرێت. بۆ کۆنفرانسەکە کۆمیتەیەک دروستکراوە، کە بەڕێوبەرانی خۆجێی لە لۆزانیشی لەناودایە. ئەم کۆمیتەیە بەبۆنەی سەدەمین ساڵیادی ڕێککەوتنی لۆزانەوە چەندین چالاکی و مەراسیم ڕێکدەخات. بەرپرسانی کۆمیتەکە لەڕۆژانی داهاتوودا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پلانی چالاکییەکان بۆ یەک ساڵ ڕادەگەیەنرێن.
'کۆنفرانسەکە ئیرادەی گەلی کورد ڕەنگڕێژ دەکات'
ئەحمەد کاراموس هاوسەرۆکی کەنەکە سەبارەت بە کۆنفرانسەکە وەڵامی پرسیارەکانمانی دایەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا ٥٧ حزب و ڕێکخراوی سیاسی ڕایانگەیاندووە بەشدارییان لەو کۆنفرانسەدا دەکەن. کاراموس ڕاشیگەیاند، جگە لەحزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان چەندین ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار، هونەرمەند و ئەکادیمی بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، ئێمە جەخت دەکەینەوە، کە کۆنفرانسەکە ببێتە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی، کە ڕەنگڕێژی ئیرادەی گەلی کورد و کوردستان بکات. ئێمە لەو بڕوایەداین زۆر کەس لە دژی ڕێککەوتنی لۆزان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن. یەکێک لەگرنگترین لایەنەکانی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە، کە کۆنفرانسەکەمان لەو هۆڵەدا سازدەکرێت، کە ڕێککەوتننامەی لۆزانی تێیدا ئیمزا کراوە".
کاراموس ئەوەشی ڕاگەیاند، لە ١٠٠هەمین ساڵی ڕێککەوتنی لۆزانەوە چەندین جۆر دەستپێشخەری هەیە، کە کەنەکە لە ژێر یەک سەقفدا کۆیانی کردووەتەوە و وتی: "بۆ ئەو جۆرە ئامادەکارییە هەوڵی زۆر و گرنگ دراوە، ئێمە وەک کەنەکە ساڵێک لەمەوبەر ئەم بابەتەمان خستە بەرنامەی کارمانەوە، بەڵام ئێمە ئەوەشمان بە باشی دەزانی، کە لەو بابەتەدا زۆر لایەنی جیاواز و جۆراوجۆر و کۆمیتە و پرۆژەی جۆراوجۆر هەیە، بۆیە ئێمە ویستمان هەموو دەستپێشخەرییەکان و دۆستەکانیان، پڕۆژە و کارەکانیان کۆبکەینەوە. ئەنجومەنی گەل لە شاری لۆزانی سویسرا ئەو دەستپێشخەرییەی ئەنجامدا. ئێمە بە هاوبەشی کارێکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدەین. ئەو کۆنفرانسە، کە لە ٢٤ی تەمووزدا بەڕێوەدەچێت یەکێکە لەو کار و چالاکییانە".
کاراموس ڕاشیگەیاند، هەلومەرجی شوێنەکە لەبەرچاو دەگیرێت و ژمارەیەکی دیاریکراویش بەشداری کۆنفرانسەکە دەکات و دەڵێت، کۆنفرانسەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە تەلەفزیۆنەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا پەخش دەکرێت.
کۆنفرانسەکە سبەی یەکشەممە ٢٤ی تەمووز و لە کاتژمێر ١٠:٠٠ لە ناونیشانی پڵاس دی لا ریپۆنی (Place de la Rîponne) لە لۆزان دەستپێدەکات و تا کاتژمێر ١٧:٠٠ بەردەوام دەبێت.
بەرنامەی کۆنفرانسەکە
بەرنامەی کۆنفرانسەکە بەو شێوەیەیە:
- ١٠.٠٠ – ١٠.٠٥ رێزگرتن
- ١٠.٠٥ بۆ ١٠.١٥ وتەى کردنەوەی کۆنفرانس
- ١٠.١٥ بۆ ١٠.٣٠ نمایشکردنی فیلمێک دەربارەی ڕێککەوتنی لۆزان
- ١٠.٣٠ بۆ ١٣.٠ پێشکەشکردنی وتار و بۆچوونی بەشداربووان
- ١٣:٠٠ بۆ ١٤:٠٠ پشوو بۆ نانخواردن
- ١٤:٠٠ بۆ ١٤.٠٠ پێشکەشکردنی وتار و بۆچوونی بەشداربووان
- ١٦.٠٠ بۆ ١٧.٠٠ ئەنجامنامەی کۆنفرانس".
ژ.ت