لە چالاکییەکانی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزارکران

خزمی زیندانیان لە چوارچێوەی چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" لەبەردەم زیندانەکان کۆبوونەوە و گوتیان: "بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی شەڕ لە کوردستان، داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی گۆشەگیری دەکەین".

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەبەردەم زیندانەکان چالاکی ئەنجامدرا.

ئەزمیر

کۆمەڵەی پشتگیری و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئەگێ (ئەگێ توای دەر) و بنەماڵەی زیندانیان لەبەردەم زیندانی کرکلاری بوجا کۆبوونەوە، پانکارت و درووشمیان دژی گۆشەگیری بەرزکردەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەزمیر، محەمەد کوروش ئاماژەی بەوە کرد چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە تورکیا دەبێتە مایەی هەژاری و کێشەی ئابووری و سیاسی، کلیلی دیموکراتیکبوونی وڵاتەکە چارەسەری پرسی کوردە، گوتی: "لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە هەموو ئاستەنگەکان لەبەردەم کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت. ئەمە تاکە بژاردەیە بۆ کردنەوەی ڕێگەیەک بەرەو ئاشتی".

مێرسین

خزمی زیندانیان لە هەفتەی ١٣ هەمینی چالاکییەکەیان لە مێرسین، لەبەردەم زیندانی تاراسوس چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی دەم پارتی مێرسین ڕەشاد ئاشان ڕایگەیاند سیاسەتی گۆشەگیری هۆکاری شەڕە، دووپاتی کردەوە بەرەی فاشیست بە سیاسەتی نەتەوەپەرستی هەموو هاندانێک بۆ ئەنجامدانی شەڕ دژی کورد بەکاردەهێنێت، گوتی: "چەند جار جەختمان کردەوە، ئەمە بە سوودی ئەم وڵاتە نییە، دیسانەوە دووپاتی دەکەینەوە، گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگرن. تا گۆشەگیری هەڵنەگرێت، ناتوانین لەم وڵاتە باسی دادپەروەری و دیموکراسی بکەین. بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان کۆتایی بە سیاسەتی شەڕ بێت، داوا دەکەین کۆتایی بە سیاسەتی گۆشەگیری بهێنن".

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.