لە چالاکییەکدا لە ڤییەنا داوای ئازادکردنی چالاکوانانە زیندانیکراوەکانی هۆڵەندا کرا

لە ڤییەنا چالاکییەک بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ٥٥ گەنج بەڕێوەچوو. ئەو گەنجانە لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە بەردەم رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) لە لاهای چالاکییان ئەنجامدابوو.

ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەم دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە بەردەم رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) لە شاری دێنهاگ (لاهای) هۆڵەندا چالاکییەک ئەنجامدرا، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی هۆڵەندا  هێرشیان کردە سەر چالاکوانان و ٥٥ کەسیان دەستگیرکرد. بۆ ئیدانەکردنی دەستگیرکردنی ئەو ٥٥ گەنجە چالاکوانە لەبەردەم باڵوێزخانەی هۆڵەندا لە شاری ڤیەننای نەمسا گردبوونەوەیەک رێکخرا.

چالاکییەکە لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردەوە ڕێکخرابوو و پۆستەرێکی تیادا بەرزکرابووە، کە لەسەری نووسرابوو "تورکیا بە کیمیایی کوشتار دەکات" و "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچە کوردییەکان بوەستێنن".

هەروەها لەو چالاکییەدا داوای ئازادکردنی ٥٥ گەنجی دەستگیرکراوەکە کرا.

ژ.ت