لە چەند شارێک هێرشکردنە سەر چاندی کوردی بە هەڵپەڕکێ شەرمەزارکرا

لە چەند شارێک هێرشکردنە سەر چاندی کوردی بە هەڵپەڕکێ شەرمەزارکرا و پەیامدرا "هەڵپەڕکێ بەرخۆدانە، هەڵپەڕکێ مێژوو و ناسنامەی کوردە. دەست لەم هەڵپەڕکێیە بەرنادەین".

لە شارەکانی ئامەد و ئەدەنە و ئەزمیر، دژی هێرشکردنە سەر چاند و زمانی کوردی و گرتنی کوردان لەسەر گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێ چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا. دەم پارتی و دەبەپە و تەژەئا و پارت و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان بەشداری چالاکییەکان بوون، دژی ئەم هێرشانە هەڵپەڕکێیان کرد و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.
لە چالاکییەکان ئاماژە بەوە کرا، هێرشەکان بۆ سەر چاندی کوردی زیاتربوون، هەموو جڤاکێک بە چاند و زمانەکەی دەمێنێتەوە، پێشکەوتنی زمان پێشکەوتنی جڤاکە.
هەروەها داواکرا ئەو کەسانەی لەسەر گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێ دەستگیرکراون، ئازادبکرێن، گوترا: "هەڵپەڕکێ مێژووە، ناسنامەی گەلی کوردە، ناتوانن حیساب بۆ گەلی کورد نەکەن، ئێمە دەست لەم هەڵپەڕکێیە بەرنادەین".