لە دوسلدۆرف رێپێوانی "ئازادی بۆ ئۆجالان" رێکخرا

لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا سەدان کەس بۆ داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و خاوەنداریکردن لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیان رێپێوانیان ئەنجامدا.

لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا بە دروشمی "نا بۆ داگیرکەری، فاشیزم و گۆشەگیری، کات کاتی ئازادییە" ریپێوانێک رێکخرا.  سەدان کەس لە شارەکانی دوسلدۆرف، کۆڵن، بۆن، دۆرتموند، دویسبورگ، ئیسن، بیلەفێڵد و مونستێرەوە بەشداری رێپێوانەکە بوون.

لە بەردەم ریپێوانەکەدا پۆستەرێکی گەورەی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەرزکرابووە. هەروەها پۆستەر و لافیتە بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیان بەرزکرابوویەوە.

لە دوای رێپێوانەکە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری رێکخرا و لەیلا ئیمرەت نوێنەری هەدەپە لە ئەوروپا وتەیەکی پێشکەشکرد و سەرنجی خستەسەر چالاکیی مانگرتن لە زیندانەکاندا، کە لەلایەن سەدان زیندانییەوە بەڕێوەدەچێت.

ئایتەن دێرسیم بە ناوی فیدراسیۆنی مەدەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، شانبەشانی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان شەڕ و هێرش لەسەر کوردستانیش بەردەوامی هەیە.  

تامیلییەکانیش لە چالاکییەکەدا پەیامێکیان خوێندەوە و لە پەیامەکەدا رایانگەیاند، "گرنگترین لایەنی چالاکیی مانگرتن، ئەوەیە، کە داوای تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکات، چونکە ئۆجالان هەم سیاسەتمەدار و هەم فەیلەسوفە. لە هەمان کاتدا پارێزوان و داکۆکیکاری هەموو مافە زەوتکراوەکانی گەلی کوردە".

ژ.ت