لە فاتیح دەنگدانەوەی پارتی چەپی سەوز

لە ناوچەی فاتیحی ئیستەنبوڵ کە تەریقەتەکانی لایەنگری ئاکەپە-مەهەپە تیایدا خۆیان رێکخستووە و تائێستا ئاکەپەتیایدا پارتی یەکەم بووە، پارتی چەپی سەوز بەهێز بووە.

پارتی چەپی سەوز لە فاتیح بە هاوسەنگیی و ریتمێکی باڵاوە کارەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات. تادێت پێشوازی گەل لە نوسینگەی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت.

وتەبێژی نوسینگەی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز تورگات باسنلو لەبارەی کار و چالاکییەکانیان بۆ هەڵبژاردن قسەی کرد و رایگەیاند کە ناوچەی فاتیح ناوچەیەکی گەورەیە وەک پارتەکەیان بۆ سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشیان کردووە و لەو ناوچانەش گروپی کاریان پێکهێناوە.

باسنلو ئاماژەی بەوەکرد ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکانی دیکەدا دەنگیان بە پارتەکانی دیکە داوە، سەردانی ئەوان دەکەن، رایدەگەیەنن کە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز دەکەن، وتیشی کاتێک چایخانە و ماڵەکان بەسەردەکەینەوە، خەڵکەکە دەڵێن پێشتر پشتیوانی فڵانە حزبمان کردووە کردووە بەڵام ئیتر ئێوە هەن. وڵاتەکە پێویستی بە یەکسانی و برایەتی هەیە ئێمە ئەوە لە ناو پارتی چەپی سەوزدا دەبینینەوە. بۆیە لەم کاتەدا پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز دەکەین".

باسنلو ئەوەشی خستەڕوو لە فاتیح کە تیایدا ئاکەپە بەهێزە زۆر کەس سەردانیان دەکەن و دەڵێن هەم دەنگ دەدەنە کلیچدارئۆغڵو و هەمیش پارتی چەپی سەوز و وتی، وەک پارتی چەپی سەوز بەهێزەوە دەچینە پەرلەمان.

لە ناو ریزەکانی گەلەکەتاندا بن

ساڵح تیمورتاش کە ماوەیەکی زۆرە لە فاتیحە و لە ناو کاروباری هەدەپەدا بەشدارە باسی لەوەکرد کە پارتی چەپی سەوز دەنگێکی بەرز بەدەست دەهێنێت و وتی، "وەرنە ریزی گەلەکەتانەوە. لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی بەکەڵکی گەلەکەی خۆی نەیات بە کەڵکی کەسی تر نایات. تکا لە گەلەکەمان دەکەین کە خاوەنداری لە دەنگەکانیان بکەن".

کارەکان لە رێگەی بەسەرکردنەوەی ماڵانەوە بەردەوامن

محەمەد ئیشک خەڵکی ئامەدە و ٥٥ سالە لە فاتیح نیشتەجێیە، ئەو باس لەوە دەکات کە لە رێگەی بەسەرکردنەوەی ماڵانەوە کارەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە و وتی، "ئێمە داوا لەو کوردانە دەکەین کە تائێستا بە هۆکاری جیاجیا دەنگیان بە پارتی جیاجیا داوە، ئەمجارەیان دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن".

هـ.ب