لە هێرشی سەر بەیروت لانی کەم ٦ کەس مردن و ١٥ کەس برینداربوون

ڕاگەیاندرا، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان، لانی کەم ٦ کەس کوژراون.

بەگوێرەی ئاماری کاتیی وەزارەتی تەندرووستی لوبنان، لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیروت لانی کەم ٦ کەس مردن و ١٥ کەس بریندار بوون.  

بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەمبوڵانسێکی کۆمیتەی تەندرووستی ئیسلامی سەر بە حیزبوڵایان کردووەتە ئامانج و ٤ کارمەندی فریاگوزاریش برینداربوون.

فەرماندەیەکی حیزبوڵا کوژرا

بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئەمنی لە بەیروت، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیروت فەرماندەیەکی حیزبوڵا بە ناوی ئیبراهیم کوبەیسی کوژراوە. بەقسەی ڕۆیتەرز، کوبەیسی ئەندامێکی دیاری بەشی مووشەکی حیزبوڵایە.

لەلایەکی ترەوە، بەگوێرەی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لەماوەی کاتژمێر و نیوێکدا ١٠٥ مووشەک لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراون.