لە جنێڤ چالاکی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' بەردەوامە

لە جنێڤ چالاکی لە پێناو ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. لە چالاکییەکەدا داوا کرا دەنگدەران رۆژی ١٤ی ئایار بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

کوردستانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'کات کاتی ئازادییە' لە ٢٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ هەموو رۆژانی چوارشەممە لەبەردەم بینای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ چالاکی دانیشتن ساز دەکەن.

ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی دیموکراتیکی کورد لە سویسڕا (جەدەکە-سە) رەمەزان بەیتار سەبارەت بە دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری دژوارکراو لە سەر ئەو، بە زمانی فەرەنسی لێدوانیدا. بایتار باسی لەوەکرد کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانو  دەوڵەتانی رۆژئاواوە ئەنجاندرا، دوو ساڵە لە رێگەی گۆشەگیری لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆی نیشان دەداتەوە.

بایتار ئەوەشیخوتەڕوو، کە ئەو دەوڵەتانە سەرباری بەدیلگیرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ماوەی ٢٤ ساڵ، بەڵام هێشتاش پاڕادیگمای ئازادییەکەی وەک مەترسییەک دادەنێن. جەختیشی کردەوە، کە کلیلی مسۆگەرکردنی ئازادی گەلانی هەرێمەکە و بەتایبەتی کورد لە جێبەجێکردنی پاڕادیگمای ئازادیی رێبەر ئاپۆدایە.

دواتر محەمەد لەتیف چەلەبی هاوسەرۆکی جەدەکەی جنێڤ قسەی کرد و رایگەیاند، رێبەری گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە ناو گۆشەگیریدا گۆشەگیر کراوە و هێمای بۆ ئەوە کرد کە ئەو کاتەی گۆشەگیری توندتر دەکرێتەوە، هێرشەکان بۆ سەر گۆڕەپانەکانی گەریلا و ئەو شوێنانەی کوردی تێدا دەژین زیاتر دەبن.

چەلەبی رایگەیاند، کە ئەوانیش نیگەرانی تەندروستی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانن و وتی، "ماوەیەکی زۆرە هیچ هەواڵێکی رێبەرایەتیمان نازانین. لەبەر ئەوە گرنگە کە خاوەنداری لە هەموو جۆرە چالاکییەک بکەین. ئێمە وەک گەلی کورد جگە لە شکاندنی گۆشەگیری هیچ چارەنوسێکی دیکەمان نییە".

چەلەبی ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار کرد و وتی، "ئەرک و بەرپرسیارێتیمان هێشتا کۆتایی نەهاتووە. هەموو گەلەکەمان لێرە دەبێت ١٤ی ئایار لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە خزم و کەسوکار و دۆستانیانەوە بکەن و هانیان بدەن بۆ چوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان".

دوای وتارەکان جەماوەر بە وتنەوەی دروشم دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد.

هـ . ب