لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئاکەپەدا، بابەتی ئیمرالی، دیموکراتیزەکردن و پاکێجی سزای زیندانیان باسی لەسەر کرا

شاندی دەم پارتی زیاتر لە دوو کاتژمێر لەگەڵ ئاکەپەدا کۆبوونەوەی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی وەک پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا، دیدارەکانی شاندی ئیمرالی، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە و هەموارکردنەوەی سزای زیندانیان تاوتوێ کرا.

کۆبوونەوەی شاندەکە، پێکهاتبوو لە هاوسەرۆکانی دەم پارتی، تۆلای حاتەم ئۆغوللاری، تونجەر باقرخان و سەرۆکەکانی فراکسیونی پەرلەمانی دەم پارتی، گوڵستان کلچ کۆچیگیت و سەزای تەمەلی، لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپە کۆتایی هات.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەفکان ئالا، سەرۆک گشتی نوێنەرانی ئاکەپە، عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکەپە، عەبدوڵا گولەر، سەرۆک فراکسیونی پەرلەمانی ئاکەپە و ئۆزلەم زەنگین، جێگری سەرۆک فراکسیونی پەرلەمانی ئاکەپە ئامادە بوون. کۆبوونەوەکە نزیکەی ٢ کاتژمێر و ١٥خولەک درێژەی کێشا.

دەم پارتی دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆی چڕ و گۆڕینەوەی بیروڕا سەبارەت بە پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکە ئەنجامدرا. هەروەها ڕاگەیەندرا کە پرسی جیاواز وەک پێشهاتەکانی دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لە تورکیا، کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمرالی دەم پارتی لە ئیمرالی، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە و پێشهاتەکانی دوایی تاوتوێ کران.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوە پێویستەکان بۆ پێشکەوتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکە و ڕۆڵی پەرلەمان باسی لەسەر کرا و سەبارەت بەو کۆمیسیۆنەی کە بڕیارە دابمەزرێت هەڵسەنگاندن ئەنجامدرا. هەروەها لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندرا کە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا و دەم پارتی، بەتایبەتی پاکێجی هەموارکردنەوەی سزای زیندانیەکان، بە تایبەت پەیوەست بە دۆخی زیندانیانی نەخۆش و جێبەجێکردنی یاسایی ئەو هەموارکردنەوەیە پێش جەژنی قوربان، بە ڕوونی باسیان لەسەر کراوە.

لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندرا کە قۆناغی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆتایی هاتووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵسەنگاندن و زانیاری بەرفراوان بڵاودەکرێتەوە.