کۆنفرانسی ژنانی کورد: یەکێتی نەتەوەیی هێمای سەرەکی پرۆسەکەیە

گوڵتان کشاناک لە کۆنگرەی یەکەمی پەرلەمانتارانی ژنانی کورددا وتی: "پێویستە ورکشۆپێک سەبارەت بە چارەسەری ژنان پێک بهێنین. یەکێتی نەتەوەیی هێمای سەرەکی پرۆسەی چارەسەرییە."

کونفرانسی ژنانی کورد

یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتاری کورد بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد(تەژەئا)، بە دروشمی "سیاسەت دیموکراتیزە دەکەین و کۆمەڵگای دیموکراتیک بنیات دەنین" لە ناوەندی کۆنفرانسی کولتووری ئامەد بەردەوامە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرۆکایەتی بێریتان گونەش پەرلەمانتاری مێردین دەستی پێکرد، سیاسەتمەدار گوڵتان کشاناک قسەی کرد و بە باس کردن لەسەر بەرخۆدانی زیندانی ئامەد وتی: "ئەگەر بزووتنەوەی ژنان گەیشتووتە ئەم قۆناغە، بەدڵنیاییەوە بەرخۆدانی زیندانی ئامەد کاریگەریی زۆری لەسەر هەبووە." کشاناک بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ساڵانی ١٩٩٠و پێویستی بەشداری ژنان لە سیاسەتدا وتی: "چارەسەری دیموکراتیک کاریگەریی لەسەر جیهان دەبێت، دۆخی ئێمە لە ڕۆژئاوا ئامانجی تێکۆشانمانە. ئێمەی ژنان دەبێ پێکەوە تێکۆشان بکەین. یەکێتی نەتەوەیی ڕەمزی سەرەکیی پرۆسەی چارەسەرییە. بەڕێز ئۆجالان ئەرکی خۆی لەم پڕۆسەیەدا بە جێ گەیاندووە، داوای ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی کرد. هەروەها ئێمە دەبێت بۆ بەدیهێنانی تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە."

هەروەها ناسک تۆفیق نوێنەری پەرلەمانی یەکێتی ئیسلامی لە قسەکانیدا ڕایگەیاند؛ دەبێت بۆ دانانی چەک بنەمایەک دەست پێ بکات و وتی: " دەبێت لایەنەکانی دیکەی باکوور لەو بارەوە ڕۆڵ بگێڕن. ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە باشی ئەم دەرفەتە بەکار نەهێنین، دەبێتە هۆی ئەوەی بەرپرسیارێتیمان قورستر دەبێت."

 مونیره عوسمان، نوێنەری پێشووی گۆڕان ئاماژەی بە تێکۆشانی سیاسی خۆی و ئەو ماوەیەی کە لە پەرلەمان کاری کردووە کرد و داوای بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفرانسەی لە ساڵانی داهاتوودا کرد.

هەروەها ڕهام حەجۆ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، ئاماژەی بە دۆخی کۆمەڵگەی ئێزدی شەنگال کرد و رایگەیاند: "گیانی خۆمان دەبەخشین بەڵام دەستبەرداری دۆزی ڕەوای خۆمان نابین. ژنانی ئێزدی دەتوانن لەم پرۆسە گرنگەدا ڕۆڵێکی گرنگ بنوێنن. بەڵام وەک دەزانن لە ئێستادا شەنگال گەمارۆدراوە. ڕێگری لە ژنان دەکرێت سەردانی شەنگال بکەن. ئەمڕۆ پرۆسەیەکی چارەسەری دەستیپێکردووە، بەڵام شەنگال لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانین وەکوو پێویست تێکۆشانمان بەرێوە ببەین و ئەرک و بەرپرسیاریەتێک کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە کۆمەڵگەی ئێزدیی سپاردووە وەکو خۆی بە ئەنجامی بگەیەنین. ئێمە هیچ هیوایەکمان بە دەوڵەتان نییە، بەڵکوو ئامانجمان ئەوەیە لە چوارچێوەی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' دا تێکۆشانێکی هاوبەش بنیات بنێین و بەو شێوەیە بەربەستەکانی پێشمان تێپەڕێنین. سەرکەوتنی کوردستان بە یەکێتی گەلی کورد دەکرێت، ئەوانەی کە دەتوانن ئاشتی و دیموکراسی بەدی بهێنن ژنانی کوردن. ئێمە بە 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرەو بەدەست هێنانی مافەکانمان رێپێوان دەکەین."

کۆنفرانسەکە بە پرسیار و وەڵام دانەوە کۆتایی هات.