دۆسیە

ڕێبەر ئاپۆ هەوڵدەدات بەڕێگەی سیاسی پرسی کورد چارەسەر بکات

وێڕای بوونی سیاسەتە نکۆڵی و لەناوبردنەکانی دەوڵەتی تورک، ڕێبەر ئاپۆ بە بەردەوامی هەنگاوی یەکلایەنەی ناوە و ویستوویەتی چارەسەری پرسی کورد لە زەمینەی شەڕەوە بگوازێتەوە بۆ زەمینەی یاسای و سیاسەتی دیموکراتیک.

هەوڵدانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکی شتێکی نوێ نییە. تەڤگەری ئازادی کورد هەر لەسەرەتای درووستبوونییەوە هەوڵی داوە پرسی کورد بەشێوەی دیموکراتیکی چارەسەر بکات. بە چارەسەرکردنی پرسی کوردیش، لە تورکیادا دیموکراتیزەکردن پێشدەکەوێت و گەلانی تورکیا دەتوانن ئایندەی خۆیان دیاری بکەن و لە یەکسانی و ئازادییدا بژین. لەسەر ئەم بنەمایە پەکەکە بە گشتی نۆ جار ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە. بۆئەوەی ڕێگە بەڕووی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری بکاتەوە دووجار بە ناوی 'کۆمینی ئاشتی' هەوڵدانی مێژوویی ئەنجام دا.

لە کۆتاییدا ڕێبەر ئاپۆ سێ جار داوای بەستنی کۆنگرەی لە پەکەکە کرد. ویستی پەکەکە کۆتای بە هەموو ئەوکار و خەباتانە بهێنێت کە لەژێر ناوی پەکەکەدا دەکران و کۆتای بە تێکۆشانی چەکداری خۆی بهێنێت. ئەمەیشی پەیوەست کرد بە هەلومەرجی یاسای و هەنگاوی سیاسەتی دیمورکراتیکییەوە.

بەڵام دەوڵەتی تورک وەک هەمووجارێک خاوەنداری لە مێژووی سەدسالەی نکۆڵی و لەنابردنی کورد کرد و لە بەرانبەر هەموو هەوڵدانێکی ئاشتی، خواستی سیاسەتی دیموکراتیکی گەلی کورد بە زهنیەت و سیاسەتی قڕکارییانەوە وەڵامی دایەوە.

ڕێبەر ئاپۆ دوای هەڵمەتی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ لە تورکیادا بۆیەکەمجار لەگەڵ ڕۆژنامەوان محەمەد عەلی براند قسەیکرد. ڕیپۆرتاژەکە لە ساڵی ١٩٨٨دا لە دۆڵی بیقاع ئەنجام درا.

لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕۆژنامەوان محەمەد عەلی براند لە چوارچێوەیەکی دیاری کراوەدا سێ و چوارجار پرسیاری؛ ئێوە چیتان دەوێت، ئەم شەڕە چەندە درێژە دەکێشێت، کەی تەواو دەبێت ئاڕاستەی ڕێبەر ئاپۆ دەکات.

لەوەڵامدا ڕێبەر ئاپۆ ئێژێت ستەمێکی زۆر لە گەلی کورد کراوە. گەر کورد و تورک برابن، چەنێک مافی سەربەخۆی و ئازادی بۆ گەلی تورک هەبێت، دەبێت ئەوەندەش ئەم مافە بۆ گەلی کورد هەبێت. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ هۆکاری هەبوون و شەڕی پەکەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ شەڕی ناسیاسی و بێبەزەیانەی دەوڵەتی تورک.

ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بەوەدەکات دەوڵەتی تورک هێشتا ناوی گەلی کورد قبوڵ ناکات، وە ناوی پرسەکەشی قبوڵ ناکات و ئەمەش سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی تورکە و ئەمە دەڵێت: "تا پێداگری لەسەر سیاسەتێکی لەو شێوەیە بکات و بیەوێت بە کوێرترین سیاسەتی توندوتیژی بیگەیەنێتە سەرکەوتن، ئەم شەڕە بەردەوام دەبێت".

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ، عاشق و لایەنگری توندوتیژی نییە و نیازی ئەوەیشی نییە بۆ هەمیشە درێژە بەم شێوازە بدات، هەروەها جەخت لەسەر باوەڕی خۆی بە سیاسەت لە چارەسەرکردنی پرسەکان دەکاتەوە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: باوەڕم بە هێزی سیاسەت هەیە لە چارەسەرکردنی پرسەکاندا، سیاسەت وەک میتۆدێک دەبێت لە چارەسەرکردنی پرسەکاندا بە بنەما بگیرێت. بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەوە دەدەینەوە."

لە وەڵامی پرسیاری ئەو ڕۆژنامەنووسەدا، "ئێوە چ چاوەڕوانییەکتان لە لایەنی بەرانبەر هەیە؟"، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، دەبێت دەستبەرداری سیاسەتی گوشار و کاولکاری و سەرکوت ببێت و بەم شێوەیە درێژە بە قسەکەی دەدات: "لەبری ئەو سیاسەتە دەبێت گفتوگۆیەکی هاوچەرخ هەبێت، خەباتێکی سیاسیی یەکلاکەرەوەتر. نەک درۆ و ڕووکەشیانە. هەموو جارێک سوپا گۆچانی خۆی بەرزنەکاتەوە و هەموو کەسێک لەسەر شانۆی سیاسەت قاودات. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو سەرکردە و لایەنانەی کە چاوەڕوانی چارەسەرن لە سیاسەتەوە و باوەڕیان بەم شتە هەیە، ئەگەر بیانەوێت لانیکەم لەم چوارچێوەیەدا باس لە چارەسەرەکان بکەن، ئەوا بە ئاسوودەییەوە وەڵامیان دەدەینەوە. دەتوانین کۆتای بە ڕووداوە توندوتیژییەکان بهێنین. با فشاری بێ بەزەیانە و ئەشکەنجە بوەستێندرێت، با هیچ شتێک لەڕێگەی بەکارهێنانی زۆرەملێوە بەدەستنەهێندرێت. بۆیە ئەوەی پێویستە هەنگاوبنێت ئێمە نین، ئێمە لەناو بەرگرییەکی ناچارییداین. ئەوەی هێرش دەکات لایەنەکی ترە. بۆیە دەشبێت چارەسەری لەوانەوە دەستپێبکات.

هەوڵدانە یەکلانی و بەردەوامەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی؛ نۆ ئاگربەستی یەکلایەنە

هەوڵە ئاشتیخواز و چارەسەرییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەم پێش پیلانگێڕی نێونەتەوەیی-ئیمراڵی و هەم دوای ئەوەش بەردەوام بووە.

لەسەر ئەم بنەمایە، پەکەکە لە ساڵەکانی ١٩٩٣، ١٩٩٥، ١٩٩٨، ١٩٩٩، ٢٠٠٦، ٢٠٠٩، ٢٠١٠ و ٢٠١٣ ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند. کۆتاجار بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥دا ئاگربەستی ڕاگەیاند و بە ئێستاشەوە ئەم ئاگربەستە بەشێوەیەکی یەکلایەنە بەردەوامی هەیە.

وێڕای ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کەم نەبوون، بە بەکار‌هێنانی چەکی کیمیاویی ئەوەی لەدەستی هاتبێت کردووەیەتی و خواستێتی ئەم پرۆسەیە وەک هەلێک بەکاربهێنێت.

لە دژی هەوڵدانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک؛ ئەنجام دانی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی

ڕێبەر ئاپۆ پەیوەست بە هەوڵدانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورک نەجمەدین ئەربەکان و لەسەر داواکاری هەندێک کەسێ نێوەندگیر لە ٢٩ـی ئابی ١٩٩٨دا لە بەشدارییەکییدا لە مەد تیڤی ڕایگەیاند لە ١ـی ئەیولولی ١٩٩٨ بەدواوە ئاگربەست ڕادەگەیەنن. دەوڵەتی تورک ئەم پرۆسەیەیی کرد بە پرۆسەی دەستپێکردنی 'پیلانگێڕی نێونەتەوەیی' دژ بە ڕێبەر ئاپۆ.

ژەنەڕاڵ ئاتیلا ئاتەش، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئەوکاتە، لەسەر سنووری سوریا لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ سوریا بەجێنەهێڵێت، "ئەوا لەگەڵ سووریادا شەڕ دەستپێکەین". بۆیە دوای پراکتیزەکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ڕێبەر ئاپۆ لە سووریاوە دەرچوو بەرەو ئەورووپا. ڕێبەر ئاپۆ دوای ئەوەی ڕۆشتە ئەورووپا، لەوێیش درێژەی بەو ئاگربەستە دا کە لە ١ـی ئەیلولی ١٩٩٨ەوە بە ناوی "بانگەوازی ئاشتی و دانوستان" ڕایگەیاندبوو.

ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩دا لە کینا بە پیلانگێری نێونەتەوەیی دەستگیرکرا و بەرەو تورکیا ڕفێندرا. دوای ئەم پرۆسەیە هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی کورد پەرەیان پێدرا، بۆیە ئاگربەستی 'بانگەوازی ئاشتی دانوستان' بەشێوەیەکی کردەیەیی کۆتای هات.

ئاگربەستی یەکلایەنە، کشانەوەی گەریلا، گروپەکانی ئاشتی و کۆنگرەکانی کۆتایهێنان بەکار وچالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکە

ڕێبەر ئاپو لە ١ی ئەیلولی ١٩٩٩بۆ چوارەم جار لە پێناو ئاشتی و چارەسەری سیاسی ئاگربەستی یەکلایەنی ڕاگەیاند

لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٩٩وەک هەنگاوێکی نیازپاکانە، داوای لە پەکەکە کرد دوو گرووپی ئاشتیی بە شێوەی جیاواز بڕۆنە تورکیا.

لە ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، یەکەم گروپی ئاشتی گەریلا کە لە ٨ کەس پێکهاتبوون، لەسەر داوای ڕێبەر ئاپو لە قەندیلەوە بەرەو تورکیا ڕۆیشتن.

لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، گرووپی دووەمی ئاشتی کە لە ٨ کەس پێکهاتبوون، لە ڤیەننا بە ڕێگەی فڕۆکەوە بەرەو تورکیا ڕۆیشتن.

بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەندامانی گروپە ئاشتیەکانی دەستگیر کرد، دادگایی کرد و زیندانیانی کرد. لە ئەنجامی دادگاییکردنەکاندا، سزای قورسی بەسەر ئەندامانی گرووپی ئاشتیدا سەپاند.

هەروەها ڕێبەر ئاپو داوای کردبوو هێزەکانی گەریلا لە سنوورەکانی تورکیا بکشێنەوە. دەوڵەتی تورکیا ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و بۆسەی بۆ گەریلاکان دانا. لە بۆسەکانی سوپای داگیرکەری تورکیادا، بە سەدان گەریلای پەکەکە شەهید کران.

ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠، "پڕۆسەی ئاشتی" دەستپێکرد، لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠،"پلانی بەپەلەی کارکردن بۆ دیموکراسی و ئاشتی" ڕاگەیاند، لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٠١ بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ بۆ بەرنامەی رۆژەڤ و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری "بەیاننامەی داواکاری بەپەلە" ڕاگەیاند، هەروەها لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ "بەیاننامەی چارەسەری بەپەلە"ی ڕاگەیاند و بۆ ڕای گشتی دا بڵاو کرایەوە.

بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسی، دووجار لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ و کۆتاییەکانی ٢٠٠٢ نامەی بۆ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک وەزیران، سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپا و بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان نووسی و بۆچوونی خۆی لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕاگەیاند.

ساڵانی ٢٠٠٢تا ٢٠٠٤ پرۆسەی کۆتایی هێنان و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پەکەکە

لەسەر داوای ڕێبەر ئاپۆ، کۆنگرەی هەشتەمی پەکەکە لە نێوان ٤بۆ ١٠ی نیسانی ٢٠٠٢ بەسترا، پەکەکە گۆڕدرا بۆ کۆنگرەی ئازادیی و دیموکراتیکی کوردستان (کادەک).

لە نێوان ٢٧ی تشرینی یەکەم تا ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٣، کادەک و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) تێکەڵ بەیەکبوون و ناوی کۆنگرەی گەلیان بۆ دەست نیشان کرد.

لەو ماوەیەدا کۆبوونەوەیەک بەناونیشانی "کۆتایی هێنان بە پەکەکە" ئەنجامدرا و بڕیاری کۆتایی هێنانی درا.

ستراتیژی "شەڕی درێژخایەنی گەل" گۆڕدرا بۆ ستراتیژی "سیاسەتی دیموکراتیک". بڕیار بوو بزووتنەوەی ئازادی نەک بە چەک، بەڵکو بە سیاسەتی دیموکراتیک تێکۆشانی خۆی بەڕێوە ببات.

بەڵام لەم کاتەدا پاکتاوکردنی ناوخۆی پەکەکە پەرەی سەندبوو. ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی سەدام حسێنی لە عێراق ڕووخاندبوو و خۆی دەستوەردانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرد. دەوڵەتی تورکیا هەروەها پێداگری لەسەر سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی کورد دەکرد و وەڵامێکی ئەرێنی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپو نەدایەوە.

بەهۆی ئەم هەلومەرجەوە ڕێبەر ئاپو بینی کە چارەسەرکردنی کێشەکان بەم شێوەیە ناچێتە پێشەە و لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراندنەوەی پەکەکەی خستەوە رۆژەڤەوە.

پرۆسەی ٢٠٠٩: کۆتایهاتن بە سیاسەتی دیموکراتیک

بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسەتی دیموکراتیک، رێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠٠٩ ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند، لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٩دا "نەخشەڕێگای" ١٥٦ لاپەڕەیی ڕادەستی ئیدارەی بەڕێوەبەری زیندان کرد. لە "نەخشەڕێگا" کەدا ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری کێشەکەی لە ١٠بنەمای بنەڕەتیدا دەست نیشانکردبوو، دوای ساڵ و نیوێک گەیشتە ڕای گشتی و بڵاو بوویەوە.

رێبەر ئاپۆ وتی: " لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بەربەستێکی جددی هەیە" و بۆ کردنەوەی دۆخەکە داوای کرد "گرووپەکانی ئاشتی" بچنە ناو تورکیا.

لەسەر داوای رێبەر ئاپۆ، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩، گروپی ئاشتی وچارەسەری دیموکراتیک، کە پێکهاتبوو لە ٣٤ کەس (٤کەسیان منداڵ بوون) لە قەندیل و کەمپی مەخموور، لە دەروازەی سنووری خابور لە سنوری سلۆپی، گەڕانەوە بۆ تورکیا.

دەوڵەتی ئاکەپە لە یەکەم ڕۆژدا هەنگاوەکەی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند. پاشان، لەناکاو هەڵوێستی خۆی توند کردەوە. بەم شێوەیە گروپی ئاشتی ئەوروپا نەیتوانی بگەرێتەوە بۆ تورکیا. پاشان، سزای قورسی بەسەر ئەندامانی گرووپی ئاشتیدا سەپاند.

هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە: پرۆسەی ٢٠١٣- ٢٠١٥

دوای ئەم هەوڵە یەکلایەنانەی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک ، گفتوگۆکان پەرەی سەند. لە نەورۆزی ٢٠١٣دا لە شاری ئامەد پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێندرایەوە. پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣ی ڕێبەر ئاپۆ، پرۆسەی چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیکی بەهێزتر کرد. بەم شێوەیە پرۆسەکە دەستی پێکرد. ڕێبەر ئاپۆ داوای لە پەکەکە کرد گەریلاکان لە سنوورەکانی تورکیا بکشێننەوە.

موراد قەرەیلان لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٣ بە ناوی کەجەکەوە ڕایگەیاند کە گەریلاکان لە ٨ی ئایارەوە دەست بە کشانەوە دەکەن.

دوابەدوای ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی ئاکەپە و شاندی ئیمرالی لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ کە بە "رێککەوتنی دۆڵمەباخچە" ناسراوە، ڕێبەر ئاپۆ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرەی خۆی بۆ چەکدانان ببەستێت.

سەرەڕای ئەوەش، دوای ماوەیەکی کەم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "ئێمە ڕێککەوتنی دۆلمەباخچە قبوڵ ناکەین" و پرۆسەکە ڕاوەستا. دوای ئەم لێدوانە، دەوڵەتی تورکیا پلانی لەناوبردنی دژ بە گەلی کورد جێبەجێ کرد و لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە شەڕێکی بەردەوام و بێ ئەخلاقی بەڕێوە دەبات.

دوایین هەوڵدانی ڕێبەر ئاپۆ: بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک 

لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بانگەوازی لە پەکەکە کرد کە کۆنگرە ببەستێت، چەک دانێن و ئەو کارانەی بەناوییەوە دەکرێن کۆتایی پێبهێنت. 

لەم چوارچێوەیەدا پەکەکە لە نێوان ٥ بۆ ٧ی ئایاردا کۆنگرەی ١٢هەمینی ئەنجامدا، ئەنجامی کۆنگرەکەش لە ١٢ی ئایار بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. بە پێی ئەمەش پەکەکە کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری هێنا و کۆتایی بەو خەباتانە هێنا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجام دەدرا. 

ڕێبەر ئاپۆ لە هەمانکاتدا بانگەوازی لە دەوڵەتی تورکیش کرد کە هەنگاوی یاسایی و سیاسی بنێت، بەڵام دەوڵەتی تورک لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن پێداگری دەکات. هیچ هەنگاوێکی یاسایی و سیاسی نەناوە. بەپێچەوانەوە، لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە دەرەوەی پێوانەکانی جەنگ، بە چەکی قەدەغەکراوە هێرشەکانی زیاتر کردوە. 

دەوڵەتی تورک ئەمجارە چی دەلێت: دیسان شەڕ یان ئاشتی؟ 

ڕێبەر ئاپۆ بە درێژایی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان خوازیاری ئەوە بوو پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و تورکیا دیموکراتیک ببێت، بەڵام دەوڵەتی تورک بەبێ گوێگرتن لەم پەیامانە، هەمیشە بە هێرشی داگیرکاری و قڕکردن وەڵامی بانگەوازەکانی گەلی کوردی بۆ ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیک داوەتەوە. 

ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیی کوردستان جارێکی دیکە هەنگاو بۆ ئاشتی، چارەسەری سیاسەتی دیموکراتیک و چارەسەری یاسایی دەنێن، ئیرادەی خۆیان بەیان دەکەن و نیازپاکی خۆیان نیشان دەدەن. 

ئایا دەوڵەتی تورک ئەمجارە چی دەکات؟ دیسان بە زیهنیەت و سیاسەتی سەد ساڵەی وەڵامی ڕێبەر ئاپۆ دەداتەوە و لە سیاسەتە کلاسییەکانی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی کورد پێداگری دەکات؟  

یان ئەمجارە دەست لە دووبارەبوونەوەی کلاسیکی هەڵدەگرێت و دەستی ئاشتیخوازی ڕێبەر ئاپۆ دەگرێت؟ 

بێگومان نەک تەنها بە گوتار، پراکتیکی دەوڵەتی تورک ئەمەمان نیشان دەدات.