بە دیمەن

لە کۆبوونەوەکانی گەل بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی هەڵمەتی ئازادی

لە کۆبوونەوەکانی گەل لە چەند شارێکی ئەوروپا، گوترا: "ئەم هەڵمەتە سەردەخەین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین و پلانەکانی سەر کوردستان پووچەڵ دەکەینەوە".

بەبۆنەی ساڵیادی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، لە چەند شارێکی ئەوروپا کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا.

هێلبرۆن

لە کۆبوونەوەی هێلبرۆنی ئەڵمانیا، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیک زوبەیدە زومروت، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، تیشکی خستەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم. ئاماژەی بەوە کرد ئامانجی پیلانگێڕییەکە لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی بوو، گوتی: "بەڵام سەرۆک ئاپۆ گەلێکی ئافراند، هەرچییەک ڕووبدات کەس ناتوانێت کۆتایی پێ بهێنێت. کورد لەسایەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهان لەگەڵ دۆستەکانی بەرخۆدان دەکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هێزێکی مەزنی بەدەستهێناوە".

زوبەیدە زومروت ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گۆشەگیری سەر تەواوی گەلی کوردە، بێ شکاندنی گۆشەگیری کەس ئازاد نابێت، بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە چالاکییەکانی ٩ ی تشرینی یەکەم لە هێلبرۆن و ١٢ ی تشرینی یەکەم لە شتوتگارت و ١٦ ی تشرینی دووەم لە کۆڵن بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

زیوریخ

مەجلیسی ژنانی بێریتان لە شاری زیوریخی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، سیاسەتمەدار کەمال ئاکتاش پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرد و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ سەرەڕای فشار و نادادییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک درێژە بە بەرخۆدان دەدات".   

دارمشتاد

بەهەمانشێوە لە شاری دارمشتاد کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، سیاسەتمەدار دیلەک ئۆجالان تیشکی خستەسەر توندبوونەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، جەختی کردەوە ئەم ڕەوشە قبووڵ ناکرێت. دووپاتی کردەوە، تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان فاکتەرێکی گرنگە بۆ پاراستنی گەلی کورد.

مارسیلیا

لە کۆبوونەوەکەی شاری مارسیلیای فەرەنسا، پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان عومەر گونەش دەربارەی گۆشەگیری قسەی کرد.

گونەش ڕایگەیاند گۆشەگیری ئاستەنگێکی مەزنە لەبەردەم چارەسەری پرسی کورد، گوتی: "هەرچەند بەڕێز ئۆجالان خاوەنی ڕۆڵێکی بنەڕەتییە لە پرۆسەی چارەسەردا، کەچی لەنێو هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدا ڕادەگیرێت، ئەم ڕەوشە بنیاتنانی ئاشتی و دیالۆگ ئاڵۆز دەکات".

شتوتگارت

کۆبوونەوەی گەل لە ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا بە یادکردنەوەی شەهیدان دەستی پێ کرد. نووسەر و ڕۆژنامەنووس سەفکان کۆبانێ تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێپێوانی مەزنی ١٦ ی تشرینی دووەم لە کۆڵن. جەختی کردەوە پێویستە گەلی کورد دەسکەوتەکانیان بپارێزن و گۆشەگیری بشکێنرێت.

کۆبوونەوەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.