لە کوردستان و تورکیا چالاکییەکانی ٨ ی ئادار بەردەوامە

ژنان لە شارەکانی کوردستان و تورکیا خۆیان بۆ ٨ ی ئادار ئامادە دەکەن، ڕایانگەیاند پشتیوانییەکی مەزن دەکەن و درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

ژنان خۆیان بۆ ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان ئامادە دەکەن، لە چەند شارێکی کوردستان و تورکیا چالای و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

مانیسا

ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە مانیسا، بە بەشداری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت لە ناوچەی یونوسەمر کۆبوونەوەی ژنانی ئەنجامدا.

پاش بەرزکردنەوەی درووشمەکان و هەڵپەڕکێ، گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد لە تورکیا ڕۆژانە قڕکردنی ژنان پێکدێت و مافی ژیانیان لەناودەبرێت، ڕایگەیاند هەڵبژاردنی پێشمان دەرخەری ئیرادەی ژنانە.

گۆشەگیری ئیمراڵی

کۆچیگیت تیشکی خستەسەر گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "تا کۆتایی هاتنی گۆشەگیری تێکۆشانمان بەردەوامە. دوو ڕۆژ پێشتر چاودێری دۆزی کۆبانێم دەکرد، سەباحەت تونجەل مانی لە خواردن گرتووە، سڵاوی بۆ هەمووتان هەبوو. ئێوەش بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری تێبکۆشن. لە دەرەوە دەرفەتمان زیاترە و پێویستە تێبکۆشین".

سەمسور

مەجلیسی ژنانی کۆنفیدراسیۆنی جەماوەری سەندیکاکانی کرێکاران (کەسک) لە مێردین سەردانی سەمسوری کرد کە بەهۆی بومەلەرزەی ٦ ی شوباتەوە وێرانەیەکی زۆری لێ کەوتەوە.

ئەندامی مەجلیسەکە، بیرهات تیشکایا قسەی کرد و ڕایگەیاند پاش ساڵێک لە بومەلەرزەکە هێشتا کێشەکانی وەک نیشتەجێبوون و تەندروستی و پەروەردە چارەسەر نەبوون. جەختی کردەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەن، داوای لە هەموو ژنان کرد بۆ ئازادی و یەکسانی و ماف و دادپەروەری پشتگیریان بکەن.

مێرسین

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و مەجلیسی ژنانی دەم پارتی مێرسین بە ناونیشانی "کورتەمێژووی ژنان و ئیدارەی خۆجێی" پانێڵێکیان ئەنجامدا.

کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی ئاکدەنیز، نوریە ئارسەلان لە پانێڵەکەدا ڕایگەیاند، تا ئیرادە و نوێنەرایەتی ژنان قبووڵ نەکرێت، کێشەکانی جڤاک چارەسەر نابن.

ژنان دەربارەی توندوتیژی دوان

سکرتێری ژنانی لقی ئەگیتەم سەنەی هاتای، موتلو ئایمەز جۆری توندوتیژییەکانی سەر ژنانی ژمارد و گوتی پێویستە تێکۆشان دژی توندوتیژی مەزنتر بکرێت.

وان

تەژەئا و کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی چاند و هونەری زمان و گحڤاری دەستار لە وان، لە چوارچێوەی ٨ ی ئادار وۆرکشۆپێکیان ڕێکخست بە ناونیشانی "گرنگی زمانی کوردی لە ئیدارەی هەرێمی، شارەکانمان بە زمانی خۆمان بنیات دەنێین".

ژنان بە جلوبەرگی کوردی بەشداربوون، پاشان لە پەروەردەکارانی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی چاند و هونەری زمان، نازیمە ئارڤاس تیشکی خستەسەر گرنگی زمان و گوتی: "پێویستە ژنان لە هەموو بوارێک پێشەنگایەتی بکەن و بە زمانی خۆیان بدوێن". هاووتەبێژی گۆڤاری دەستاری ژن ئاڤێستا، داوای کرد کاندیدەکان بە زمانی دایکی خۆیان بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.

هەروەها ئاڤێستا ڕایگەیاند قەیومەکان زمانی کوردی دەکەنە ئامانج، بەڵام سیاسەتە لەگەڵ قەیومەکان دەستی پێ نەکرد و سەدەیەکە بەردەوامە، پێویستە کاردانەوەی بەهێز و ڕێکخراو هەبێت. زمان مەسەلەی هەبوون و نەبوونی گەلێکە.

کۆنفرانسەکە دوور لە چاوی میدیاکان بەردوام بوو.