لە لەندەن کەمپەینی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەستیپێکرد

لە لەندەن بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەی گەنجانی کورد کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە  تیرۆریستییەکان" دەستیپێکرد. بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەیەکی گەنجان سازکرا.

بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و ژنانی گەنجی تێکۆشەری (تیکۆ-ژن) هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوەیان بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" دەستپێکرد.

لە سویسرا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و یۆنان هەڵمەتی هاوشێوە دەستیانپێکردووە.

ئێوارەی دوێنێ ١٥ی کانوونی دووەم، لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو.

ئەو کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'وەرن جەنگی ئازادییە' بەڕێوەچوو و  سەرەتا باس لە قۆناغ و پرۆسەی سیاسی کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" واژۆ کۆکرایەوە. هەڵمەتی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا بەردەوامیی دەبێت.

ژ.ت