لە مونستێر و دوسلدۆرف و وینسن لوهی چالاکی لە دژی گۆشەگیری ئەنجامدرا

لە شارەکانی مونستێر، دوسلدۆرف و وینسن لوهی ئەڵمانیا بە رێکخستنی چالاکییەک گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کرا و سڵاو لە چالاکییەکانی دژ بە گۆشەگیری کرا.

مونستێر

ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان و دۆستەکانیان بەشداری چالاکیی بەردەم وێستگەى ترەن لە مونستێر بوون. کوردستانیان گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان ئیدانە کرد و سڵاو لەو پەیمان و بەڵێنەی بەرخودانی مانگرتنی ناو زیندانەکان کرا، کە رایانگەیاندووە، تاوەکو کۆتایهێنان بە گۆشەگیری بەردەوام دەبن لە چالاکیی مانگرتنەکەیان.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندرا، گۆشەگیری تەنها لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەنابرێت، بەڵکو لەلایەن هێزە پیلانگێڕە نێونەتەوەیەکان پلانی بۆ دادەنرێت و جێبەجێ دەکرێت. هەروەها داوای بەرخودانی گشتی کرا.

چالاکییەکە دوای کاتژمێرێک بە وتنەوەى چەندین دروشم کۆتایی پێهات.

دوسلدۆرف

چالاکی لە دوسلدۆرف لە بەردەم وێستگەى ناوەندیی ترەن رێکخرا. ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان بەشداری چالاکییەکە بوون.

لە چالاکییەکەدا سڵاو لە چالاکیی مانگرتنی ناو زیندانەکان کرا، کە لە دژی گۆشەگیری بەڕێوەدەچێت. راگەیاندراویش لەبارەى پێشێلکارییەکانی مافەکان و گۆشەگیری لە زیندانەکانی تورکیادا خوێندرایەوە.

هەروەها لە چالاکییەکەدا ئیمزا بۆ کەمپەینی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا بە ناوی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" کۆکرایەوە.

وینسن لوهی

لە وینسن لوهیی سەر بە هامبورگ ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان و گروپە دژە فاشیستییەکانی ئەڵمانیا رێپێوانێکیان ئەنجامدا، کە لەلایەن بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) لە هامبورگ رێکخرابوو.

لە چالاکییەکاندا ئەبوزەر بۆزاڤا بە ناوی کەجەدەکەی هامبورگ وتەی پێشکەشکرد و وتی، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد گۆشەگیرییە لەسەر هەمەوو گەلی کورد و وتی، "ئێمە لە کوێ بین با ببین، لە دژی ئەو گۆشەگیرییە کاردانەوەمان دەبێت".

لە چالاکییەکەدا یەک لە دوای یەک دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" دەوترانەوە.

ژ.ت