لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ تورکیا: پێویستە لە ئیمراڵی دیدار ئەنجام بدرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان پاش دانیشتن لە ژنێڤ، ڕاپۆرتی ئامادە کرد و داوای کرد گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت.

گۆشەگیری ئیمراڵی

٨٠ هەمین دانیشتنی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ٨ ی تەمموزی لە شاری ژنێڤ دەستی پێ کرد، کۆتایی هات. کۆمیتەکە ئەمڕۆ ڕاپۆرتی چاودێری دەربارەی تورکیا بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتە چاودێرییەکە لە ٥٠ خاڵ پێکدەهات باس لە پێشێلکردنی ماف لە تورکیا کراوە و پێشنیارکراوە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت. هەڵسەنگاندنەکانی کۆمیتەکە دەربارەی گۆشەگیری ڕەهای ئیمراڵی خرایە ڕوو.

"ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە قەدەغەکانی ئیمراڵی"

لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمیتەکە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە گۆشەگیری ڕەهای ئیمراڵی دەربڕی، گوتی: " دوای دەستگیرکردنیان دەتوانرێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دیدار لەگەڵ پارێزەران سنووردار بکرێت، هەندێکجار بەبێ ڕاوێژکردن یان ئامادەبوونی پارێزەر لێپێچینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان دەکرێت، هەروەها نهێنی کۆبوونەوەکانی نێوان پارێزەران و موکلەکان مسۆگەر ناکرێت. هەروەها کۆمیتەکە نیگەرانە لەوەی لە هەندێک حاڵەتدا پارێزەران دەستیان بە تەواوی دۆسیەکانی موەکیلەکانیان ناگات و سزای دیسپلینیش بەسەر زیندانیانی زیندانی ئیمراڵیدا سەپێنراوە و ئەمەش بووەتە هۆی قەدەغەکردنی بێسنووری دیداری زیندانییەکان لەگەڵ پارێزەرەکانیان".

"با دیدار لە ئیمراڵی ئەنجام بدرێت"

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "کۆمیتەکە نیگەرانە سەبارەت بە ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجالان و حامیلی یەڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش لە زیندانی ئیمراڵی کە لە ٢٥ ی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە لە گۆشەی تاکەکەسی ڕادەگیرێن و هەندێک لە زیندانیان زیاتر لە ٩ ساڵە چاویان بە پارێزەرەکانیان نەکەوتووە".

هەروەها لە درێژەدا تیشک دەخاتەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم دیداری بنەماڵە و پارێزەرەکان لە ئیمراڵی، داوا لە تورکیا کراوە تا ٢٦ ی تەمموزی ٢٠٢٥ پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی نێو ڕاپۆرتی چاودێری زانیاری بدات، ئاسانکاری بکات بۆ چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەران لە زیندانی ئیمراڵی، هەروەها دەبێت تورکیا لە جێبەجێکردنی تەواوی یان بەشێک لە پێشنیارەکان کۆمیتەکە ئاگادار بکاتەوە.