بە دیمەن

لە پاریس چالاکی یادکردنەوە دەستی پێ کرد

بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس لەبەردەم ناوەندی کەلتووری کوردی ئەحمەد کایا، چالاکی یادکردنەوە دەستی پێ کرد. لە چالاکییەکەدا دەوڵەتی تورکی بکوژ و بێدەنگیی فەرەنسا شەرمەزارکران.

کۆمەڵکوژی پاریس

چالاکی یادکردنەوەی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەڤین گۆیی و هونەرمەند میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل کە ٢٣ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدکران، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە_ئە) دەستی پێ کرد. کوردستانیان و دۆستەکانیان لەبەردەم ناوەندی کەلتووری کوردی ئەحمەد کایا کۆبوونەوە و درووشمی "شەهید نامرن" و "ژن ژیان ئازادی"یان بەرزکردەوە. وێنەی شەهیدانی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە هەڵگیران.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لەکاتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکەدا، دەستی پێ کرد.

"بکوژ دیارە، دەوڵەتی فەرەنسا بۆ بێدەنگە؟"

لەسەر ناوی تەژەکە_ئە دیلان ئامەد گوتی: "بکوژ دیارە، دەوڵەتی فەرەنسا بۆ بێدەنگە؟". دیلان ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک بڕیاری کۆمەڵکوژییەکەی داوە، بانگەوازی لە دەوڵەتی فەرەنسا کرد: "ئەگەر دەوڵەتی فەرەنسا نایەوێت ببێتە هاوکاری ئەم شەڕە قێزەونەی دەوڵەتی تورک پێویستە ئەم کۆمەڵکوژییە ڕوون بکاتەوە".

خزمی شەهید ئەڤین گۆیی، ئەمینە کارا تیشکی خستەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ئەڤین، گوتی: "وەک بنەماڵەکەی داوا دەکەین ئەم ڕووداوە ڕوون بکرێتەوە، دەست لە تێکۆشانی سارا و ئەڤینەکان هەڵناگرین. تا کۆتایی تێدەکۆشین".

"بکوژ دەوڵەتی تورکە"

خزمی شەهید عەبدولڕەحمان کزل، جەلال توران ڕایگەیاند ٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکە تێپەڕی و هێشتا کۆمەڵکوژییەکە ڕوون نەکراوەتەوە، گوتی: "دەوڵەتی تورک لەپشت ئەم کۆمەڵکوژییەیە. لەبەرئەوەی یەکەمین کۆمەڵکوژی پاریس ڕوون نەکرایەوە، ئەم کۆمەڵکوژییەی دووەم ئەنجامدرا. بەڵام ئەمە چارەنووسێک نییە! ئیدی بەسە! گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان خاوەنی دەرفەتێکە کە سەد ساڵ جارێک دێتەپێش، پێویستە کورد ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە".

جەلال بانگەوازی لە دەوڵەتی فەرەنسا کرد کۆمەڵکوژییەکە ڕوون بکاتەوە.

"میراتی شۆڕشگێڕییان بۆ ئێمە جێهێشت"

هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت ڕایگەیاند بکوژەکان دەناسین، دەوڵەتی تورک بە سیاسەتی قێزەون هێرشی کردە سەر شۆڕشگێڕان و ژنانی پێشەنگ، گوتی: "ساکینە جانسز میراتێکی شۆڕشگێڕی بۆ ئێمە جێهێشت. ئەڤین سیستەمی ڕۆژئاوای بۆ ئێمە جێهێشت. خاوەنداری لە میراتەکەیان دەکەین".

یادەکە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ بەردەوام دەبێت.