دەوڵەتی تورک لە دژی کەسانی مەدەنی تاوان ئەنجام دەدات

ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین هاکان تاش ڕایگەیاند؛ دەوڵەتی تورک بەردەوام پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هێرشی دەکردە سەر ڕۆژئاوا و وتی: "دەوڵەتی تورک لە دژی کەسانی مەدەنی تاوان ئەنجام دەدات."

ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین هاکان تاش ڕایگەیاند؛ سوپای تورک نەک تەنها دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو پێشتریش بەردەوام کەسانی مەدەنی هەرێمەکەی کردووە ئامانج و بەسەدان هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە.

هاکان تاش بەبیری هێنایەوە کە لەم دواییانەدا ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین بەدەستی دەوڵەتی تورک شەهید کران، ئەم تاوانەی ئیدانە کرد و وتی: "نابێت لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە ئەم تاوانانە قبوڵ بکرێت کە ڕۆژنامەنووسی بێتاوان بکرێنە ئامانج و شەهید بکرێن. بۆیە داوا لەگەلی ئەوروپا دەکەم دژ بەم کردەوانە ناڕەزایی خۆیان نیشان بدەن."

هاکان تاش ئەوەشی هێنایە زمان کە لەگەڵ دەستپێکردنی دۆخی نوێی سوریا، دەسەڵاتدارانی فیدراڵی ئاڵمانیا و وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار سەردانی تورکیایان کردووە و سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر کوردان ڕەخنەیان گرتووە.

هاکان تاش ئەوەشی وت کە ئەمریکا خەڵاتی ١٠ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڕێکخراوی هەتەشە کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە هەڵوەشاندووتەوە و وتی: "ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگای هاوکاری لەگەڵ هەتەشە بکەنەوە، لەگەڵ یەکتر کەونەتە کێبڕکێ".

هاکان تاش بانگەوازی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردی لە سوریا و پاڵپشتی لە تێکۆشانیانی کرد و ڕایگەیاند؛ دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی زیانێكی گەورەی بە کەسانی مەدەنی دەگەیەنێت و پێویستە هەر کەسێک لەدژی ئەو تاوانانە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و نارەزایەتی نیشان بدەن."