'هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەبێتە پشتیوانی بۆ چەتەکانی داعش'

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستنیشانیکرد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبێتە هۆکاری زیندووبوونەوەی چەتەکانی داعش و رایگەیاند: "هەموو هێزی خۆمان دەخەینەگەڕ لە پێناو ئاشتی و سەقامگیرییدا."

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیوەست بە هێرشەکانی ئەم دواییەی چەتەکانی داعش ڕاگەیاندراوێکی دا و دەڵێت: "هێزەکانمان هەموو بە هەموو هێزی خۆیانەوە لە پێناو ئاشتی و سەرقامگریی هەرێمەکەدا کاردەکەن."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق کراوە و جەختکراوەتەوە لەوەی ئەم هێرشانە دەبنە هۆکاری ئەوەی شانەی چەتەکانی داعش سەرلەنوێ چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن و هاتووە: "لەو چوارچێوەیەدا لە شارۆچکەی شەهبا و گوندەکانی دێرەزۆر شانەکانی داعش خاڵێکی پشکنینی هێزەکانمانیان کرد بە ئامانج.  بەڵام بە هۆشیاری هێزەکانمان ئەم هەوڵە پوچەڵکرایەوە و دەستییان بە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە کرد. ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک لە بەئامانجگرتنی خاڵی پشکنینی وادی ئەل ڕەملەی باشووری حەسەکە ئەنجام درا."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی ئەم هێرشانە هیچ کاتێک دووریان ناخاتەوە لە ئەرکی پاراستی خاک و رایگەیاندووە: "هێزەکانمان دەبنە قەڵغانی پاراستن کە ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکان دەپارێزن و بە هەموو هێزی خۆمانەوە کاردەکەین بۆ ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەکە."