لە پاریس رێپێوانی "ڕۆژئاوا بپارێزە" بەڕێوەچوو

کوردستانیان و دۆستانیان بە دروشمی "ڕۆژئاوا بپارێزە" لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕێپێوانیان بۆ بەردەم پەرلەمانی فەرەنسا ئەنجامدا.

لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (CDK-F) و تەڤگەری ژنانی کورد لە فەڕەنسا  (TK-F)، کورد و دۆستانیان لە دینفێت ڕۆچەریۆی پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر ڕۆژا کۆبوونەوە و رێپێوانێکیان ڕێکخست.

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی ئەوروپا  (TCŞ)، کۆنفیدراسیۆنی کۆچبەرانی چەوساوەی ئەوروپا  (AvEG-KON)، گەنجانی تێکۆشەر  (YS)، حزبی کۆمۆنیستی مارکسیست لینینیست  (MLKP)، پارتی دیموکراتیکی گەلان و چەندین ڕێکخراوی ئینتەرناسۆنالیست بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.

جەماوەر بە بەرزکردنەوەی لافیتەی "دەوڵەتی بکوژی تورک لە ڕۆژئاوا دەربکەن'، "بەرگری لە ڕۆژئاوا بکە و لە دژی فاشیزم بوەستەوە" و ئاڵاکانی یەپەگە- یەپەژە و پۆستەری "ڕۆژئاوا بپارێزە" بەرەو پەرلەمان دەستیان بە ڕێپێوان کرد.

لە ڕێپێوانەکەدا بە بەردەوامی دروشم دەوترایەوە و کاتێک رێپێوانەکە گەیشتە بەردەم پەرلەمانی فەرەنسا راگەیاندراوی رێپێوانەکە خوێندرایەوە.

هەڵوێستی فەرەنسا لە لوتکەی ناتۆ چی دەبێت؟

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "چەتەکانی دەوڵەتی تورکی ئەندامی ناتۆ، ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەن. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ماوەی چەند هەفتەیەکە هەڕەشەی داگیرکردن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخات. یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەی دەوڵەتی تورک درێژەدانە بە پرۆژەی فراوانکردنی نیو عوسمانی. دەوڵەتی تورکیای جیهادیی ئەندامی ناتۆ لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان ئەوەی سەلماندووە، کە چەند  لێهاتوو و بەهرەمەندە. هۆکارێکی ئەوەیە، تورکیا بە ئاشکرا پشتگیری جیهادییەکان دەکات، سەرچاوەی داراییان بۆ دابین دەکات و پڕچەکیان دەکات. ئەوەش لە بێدەنگی و بێباکیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیدا ئەنجا دەدا، تورکیا سەرچاوەی ناسەقامگیریی هەرێمایەتی و نێونەتەوەییە و ئەمڕۆ بەدوای پشتیوانیدا دەگەڕێت.

 یەکێک نیگەرانییەکان بێدەنگیی فەڕەنسایە. هەرچەندە فەڕەنسا دەزانێت، کە تورکیا پشتگیری جیهادییەکان دەکات بۆ هێرشکردنە سەر خاکی فەرەنسا، بەڵام ئایا بە تورکیا دەڵێت باشە تۆ چۆن هاوپەیمانەکانی خۆت دەپارێزیت؟

لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین، کە لە بەرەی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بن بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە هێرشێکی نوێی داگیرکاری ئەردۆغانی ئیسلامۆ – فاشیست".

چالاکییەکە بە چەپڵە لێدان و وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی پەنجەکان بە هێمای سەرکەوتن کۆتایی پێهات.

ژ.ت