لە قۆنیا هێرشکرایە سەر کوردان و ٧ کەسی یەک بنەماڵە کۆمەڵکوژکران

بنەماڵەیەکی کورد، کە ماوەیەک لەوە پێش لە قۆنیا لەلایەن نەژادپەرەستانی تورکەوە هێرشیانکرابوویە سەر، رۆژی ٣٠ی تەمموز بۆ جارێکیتر هێرشیانکرایەوە سەر و هەر ٧ کەسی بنەماڵەکەیان کۆمەڵکوژکرد، کە ٣ لە کوژراوەکان ژنن.

لە ناوچەى مەرامی قۆنیا لەلایەن نەژادپەرەستانی تورکەوە هێرشکرایە سەر بنەماڵەی دەدەئۆگیولاری کە بنەماڵەیەکی کوردن. ئەو بنەماڵە کوردە پێشتر لە ١٢ی ئایاردا لەلایەن گروپێکی ٦٠ کەسی لە فاشیستەکان و نەژاپەرەستانی تورکەوە هێرشیان کرابوویە سەر و ئەندامانی بنەماڵەکەیان بە قورسی بریندار کردبوو.

بۆ جاری دووەم فاشیستەکان و نەژادپەرەستانی تورک دوێنێ هەینی ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢١ هێرشیان کردەوە سەر ئەو بنەماڵە کوردە و هەر ٧ ئەندامی ئەو بنەماڵە کوردەکەیان کۆمەڵکوژکرد، کە ٣ کەسیان ژن بوون.

لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١ دا لە گەڕەکی باخچەشەهیر لە ناوچەى مەرام لە قۆنیا گروپێکی ٦٠ کەسی لە نەژادپەرەستانی تورک هێرشیان کردبووە سەر بنەماڵەى دەدەئۆگیولاری، کە کوردی خەڵکی قەرسن.

ئەو کەسانەى هێرشیان کردبووە سەر بنەماڵەکەى هەر ٧ کەسی بنەماڵەکەیان بە بەرد و کوتەک و چەقۆ بە قورسی بریندار کردبوو، کە ٤  کەس لە بریندارەکان ژن بوون. لەو کاتەدا هێرشبەرە نەژادپەرەستەکان بە بنەماڵەکەیان راگەیاندبوو، "ئێمە نەتەوەپەرەستین و ناهێڵێن ئێوە لێرە بژین".

لەسەر ئەو هێرشە ٤ کەس دەستگیرکرابوون، بەڵام وەک زۆربەى هەرە زۆری کاتەکان هێرشبەرەکانی دژ بە کوردان لەلایەن دەوڵەت و دەزگای دادوەرییەوە پارێزگارییان لێکرا و بە پاسای "کەمیی بەڵگە" ئازادکرابوون.

ژ.ت

****

****