حەکیم داڵ کە لەلایەن نەژادپەرەستانی تورکەوە کوژرا بە خاکسپێردرا

حەکیم داڵ هاووڵاتیی کوردی ئامە لە ناوچەى مەرام لە پارێزگای قۆنیا لەلایەن نەژادپەرەستانی تورکەوە کوژرا و ئەمڕۆ تەرمەکەی بە خاکسپێردرا. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە لە هێرشی نەژادپەرەستانی تورکدا ١٥ کەس کوژراون و ١٠٩٧ کەسیش برینداربوبون.

دوێنێ چوارشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢١ و دووەم رۆژی جەژنی قوربان لە گەڕەکی چارلککۆی لە ناوچەى مەرام لە پارێزگای قۆنیا حەکیم داڵی کوردی خەڵکی ئامەد لەلایەن نەژادپەرەستانی تورکەوە کوژرا.

گروپێکی ٦٠ کەسیی چەکداری نەژادپەرەستی تورک هێرشیان کردبووە سەر حەکیم داڵ-ی تەمەن ٤٣ ساڵ و کوشتبوویان. لە دوای رووداوەکە ئەوە روونبوویەوە، کە زۆر جار لەلایەن نەژادپەرەستانی تورکەوە هەڕەشە لە بنەماڵەى داڵ کراوە، کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە ناوچەى کاراهویەک-ی قۆنیا دەژین.

تەرمی داڵ لە گۆڕستانی تاتلجاکی بە خاکسپێردرا.

موراد چەپنی پەرلەمانتاری هەدەپە و ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشانی هەدەپە بەشداری مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمەکەى حەکیم داڵ-یان کرد.

لە مەراسیمەکەدا لای لایەى خوێندرایەوە.

بەپێی ئاماری کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٤ هێرشی نەژادپەرەستی ئەنجامدراون. لەو هێرشانەدا ٧ کەس کوژراون، کە ٣ کەسیان خەڵکی سوریا بوون و ٣٢ کەسی تریش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بە لانیکەمەوە ٢٨٠ هێرشی نەژداپەرەستی ئەنجامدراون و لەو هێرشانەدا ١٥ کەس کوژراون و ١٠٩٧ هەزار و نەود و حەوت کەسیش بریندار بوون.

لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا هێرشی نەژداپەرەستەکان بۆ سەر کوردان زیادیکردووە. لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ لە ئامەد رایگەیاندبوو، "ئەو هێرشانە تاوانی نفرەت و رقلێبوونە. ئەو هێرشانە بە هۆی توندڕەویی نەژادپەرەستی و جیاکاریکردنەوە روودەدەن. لە هێرشەکاندا بە ئەنقەست و پلان ژیانی هاووڵاتییانی کورد دەکرێتە ئامانج. ئەو هێرشانە هێرشن لە دژی ناسنامەى کورد".

ژ.ت