لە قوبرس هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک ئیدانە کران

کوردستانیان لە شاری لیفکۆش لە وڵاتی قوبرس بەرەو ناوچەى لیدرا پاڵاس رێپێوانیان ئەنجامدا، کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک و هەڵوێستی پەدەکەیان ئیدانە کرد.

لە شاری لیفکۆش لە وڵاتی قوبرس هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان ئیدانە کران. چالاکیی ئیدانەکردنەکە لە چوارچێوەی کەمپەینی ئیمزاکۆکردنەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا ستاند دانرا و کتێبەکان لەبارەی پارادیگمای "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک"ی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ناسێنران و بڵاوکرانەوە.

ستاندەکە بە ئاڵاکانی یەپەگە، یەپەژە، پەکەکە و وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رازێنرابووە.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە گۆڕەپانی ئازادی تاوەکو دەروازەی سنوور لە ناوچەى لیدرا پاڵاس رێپێوانیان ئەنجامدا، کە لە ئەو ناوچەیەی قوبرس لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە.

کوردستانیان لە بەردەم دەروازەی سنووردا کۆبوونەوە و دروشمەکانی "بمرێ فاشیزم"، "بمرێ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" ، "کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیزم"یان دەوتەوە.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو خوێندرایەوە و دواتر سیاسەتمەداری کورد لەزگین سەرحەدی وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، هێڵی خیانەتی پەدەکە نەک تەنها ئەمڕۆی خۆی نیشانداوە، بەڵکو ئەو هێڵە لەوەتەى هەیە کوردستان رادەستی داگیرکەران دەکات.

چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشمی "بمرێ خیانەت" کۆتایی پێهات.

ژ.ت