بە دیمەن

لە شتوتگارت و بۆردیۆ هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزارکران

لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا و بۆردیۆی فەرەنسا گۆشەگیری ئیمراڵی و هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باشووری کوردستان شەرمەزارکران.

شتوتگارت

لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا لەسەر بانگەوازی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی شتوتگارت، کوردستانیان و دۆستەکانیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشی داگیرکاری و خیانەتی پەدەکە.

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی شتوتگارت مەسعود ئارام ڕاگەیاندراوی کەجەدەکە-ئەی خوێندەوە، بانگەوازی کرد بۆ بەرخۆدانی سەرتاسەری دژی داگیرکاری، جەختی کردەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشەکاندا شکستی هێناوە، گوتی: "دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە درێژە بەم سیاسەتانە دەدات، بانگەواز لە گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان دەکەین لە هەموو جێیەک دژی سیاسەتی داگیرکاری و خیانەت و قڕکردن ڕاپەڕن".

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی شتوتگارت پەروین ئازادی ڕاگەیاندراوی کۆن-مەدی خوێندەوە و بێدەنگی ڕای گشتی نێونەتەوەیی بیرهێنایەوە، ڕایگەیاند ئامانجی دەوڵەتی تورک لکاندنی تەواوی کوردستان و لەناوبردنی پارادایمی پێکەوەژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە کە ئەم پارادایمە گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین و مرۆڤایەتی ئازاد دەکات.

پۆلیسی ئەڵمان لە کۆتایی چالاکییەکەدا بە پاساوی بەرزکردنەوەی درووشـم ویستی گەنجێکی کورد دەستبەسەر بکات.

بۆردیۆ

لە شاری بۆردیۆی فەرەنسا بە درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" گردبوونەوە ئەنجامدرا. گەلی فەرەنسا پێشوازییەکی گەرمیان لە چالاکیەکە کرد.

ڕاگەیاندراو بە دوو زمان خوێنرایەوە، تیشک خرایەسەر تاوانی شەڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ڕەخنە لە بێدەنگی ڕای گشتی جیهان گیرا. دووپاتکرایەوە، گۆشەگیری ئیمراڵی بەشێکە لەم سیاسەتانە و بانگەواز لە هەمووان کرا تێکۆشان مەزن بکەن.