لە ستۆکهۆلم یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی کوردان فەیلی کرایەوە

کوردانی فەیلی ٤١ ساڵ لەوە پێش لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە کۆمەڵکوژکران. لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی کوردانی فەیلی کرایەوە.

لە ٤١هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی فەیلیدا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سویددا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی کوردانی فەیلی کرایەوە.

مەراسیمی یادکردنەوەى قوربانیانی کۆمەڵکوژیی کوردانی فەیلی لە شاری ستۆکهۆم لە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد (نەجەدەکە) بە خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی قوربانیەکانی ئەو کۆمەڵکوژییەکە دەستیپێکرد.

زەینەب موراد هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە یادەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، گەورەترین کێشەى کوردانی فەیلی ئەوەیە، کە تاوەکو ئەمڕۆ نەبوونەتە خاوەن رێکخستنێکی باش و بڕواپێکراو.

زەینەب موراد سەرنجی خستەسەر رێکخستنبوونی شەنگال، کە بەهێزی خۆپاراستنی خۆیان، خۆیان لە هەموو جۆرە هێرشێک دەپارێزن و وتی، "پێویست بوو، کە ئێمەى کوردانی فەیلیش هەنگاوێکی لەو شێوەیەمان هەڵگرتایە".

هاوسەرۆکی کەنەکە سەرنجی خستە سەر رەنج و تێکۆشانی گەورەی کوردانی فەیلی بۆ رزگاریی خاکی کوردستان، کە سەدان شەهیدیان لە باشووری کوردستاندا داوە و وتیشی، "ئەگەر بەرپرسان و پلەدارانی باشووری کوردستان بیانخواستایە و لە دڵەوە راستگۆبوونایە، دەیانتوانی بۆ مافی کوردانی فەیلی گوشار لەسەر حکومەتی عێراق دروست بکەن و بۆ مافی کوردانی فەیلی هەنگاوی گرنگ و بەرچاویان هەڵگرتایە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها بەڵێنیان داوە و ئێمەش دەزانین بەڵێنەکانیان بێ مانا و بێ کردارن".

زەینەب موراد راگەیاند، پێش هەموو شتێک دەبێت بڕوا بە هێزی خۆیان بکەن و داوای لە گەلی کورد کرد، کە چۆن بۆ کۆبانێ و شەنگال راپەڕین بە هەمان شێوەش دەبێت خاوەنداری لە کوردانی فەیلی بکەن.

میرهەم یگیت هاوسەرۆکی نەجەدەکەى ستۆکهۆڵم رایگەیاند، ئەو ئازار و زامەى کوردانی فەیلی بە ژانی خۆیان دەزانن و خاوەنداریکردن لە مافەکانیان بە ئەرکی سەرەکیی خۆیان دەزانن.

محەمەد نوری نوێنەری پێشووی کوردانی فەیلی لە بەغدا لە یادەکەدا وتی، "٤١ ساڵ لەوە پێش کۆمەڵکوژییەکی قورس روویدا، بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئەمڕۆ شتێکی بەرچاو لە دەستی کوردانی فەیلیدا نییە تاوەکو بۆ خۆیانی بکەنە بناغەیەک و لەسەر ئەوە داوای مافەکانی خۆیان بکەن. ئێمە نامانەوێت تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە یادی بەرپرسان و نوێنەرانی دەوڵەتدا بین. لەبەر ئەوەى ئێمە هەم کوردین و هەم شیعەین، هەموو کات زۆرداری و کۆمەڵکوژیمان بەرامبەر ئەنجامدراوە".

کوردانی فەیلی لە باشووری کوردستان و عێراق لە شارەکانی کەرکوک، موسڵ، خانەقین، بەغدا و بەسرە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، لۆڕستان و تاراندان. مەزەندە دەکرێت ژمارەی کوردانی فەیلی بە گشتی ٢ ملیۆن کەس بێت. لە سەردەمی رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن کاتێک کۆمەڵکوژیی کوردان بە ناوی "ئەنفال" دەستیپێکرد سەرەتا لە دەورووبەری کەرکوک، موسڵ و خانەقین لە دژی کوردانی فەیلی دەستیان بە کۆمەڵکوژی کرد. کوردان لەو ناوچانەدا دەستە دەستە لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە کۆکرانەوە و لەو ناوچانە دەرکران. دەیان هەزار کەس بەو شێوەیە دەرکران و کۆمەڵکوژکران. دەیان هەزار کەسی تریشیان "بێسەرشوێن" کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ژ.ت